پەیوەست بە نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرامبەر كاری بەشێك لە كچە مۆدێلەكان، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، ئەو بابەتە بەپێی یاسا و رەچاوكردنی بەرژەوەندیی گشتی و كۆمەڵگە رێك دەخرێتەوە.
د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەرکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیستەم و ئادابی گشتییە، بۆ بابەتی كچە مۆدێلەكان ئێمە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكەین و رێگە نادەین شیرازەی كۆمەڵگە تێك بدرێ”.
ئاماژەی بەوەش دا: “یاسای دیجیتاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان نییە، تەنها یاسای سزاکان هەیە، بۆیە ئێمە بەپێی یاسا كار دەكەین و رێگە بە كاری نایاسایی نادەین”.
جووتیار عادل، لەبارەی رێكخستنەوەی كاری كچە مۆدێلەكان یان دەنگۆی رەوانەكردنەوەی هەندێك لەوانە بۆ ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتوون، بۆ (باسنیوز) گوتی: “حکوومەت رێز لە هەموو پیشەیەک دەگرێت، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە ئەو كارە رێک بخرێت و بەرژەوەندیی گشتی و ئازادیی تاک و کۆمەڵگە رەچاو بكرێت، ئێمە هیچ كەسێكمان بۆ وڵاتی خۆی رەوانە نەكردووەتەوە”.