ئاری هەرسین، ئاماژە بەوە دەکات، دۆخی عێراق زۆر خراپە و لەوە خراپتربێت بە کەس کۆنترۆڵ ناکرێت.
سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی – هەڵەبجە، بە کوردستان24ی راگەیاند: “ئەوەی روودەدات حکومەتی عێراق حاکمی موتڵەق نییە، چونکە ئەگەر وابووایه ئەو شتانە رووی نەدەدا، وەک هەرێمی کوردستان چەندین جار بۆ حکومەتی فیدراڵی روونکردووەتەوە، ئەو ناوچانەی دەکەونە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بووەتە بۆشایی ئەمنی هەیە و بە سوپا و حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ ناکرێت”.
گوتیشی: “لێگەڕێن با ئێمە زامنی سەقامیگری ناوچەکە بکەین، کە ئەمە لە قازانجی حکومەتی عێراقە. هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەو مەبەستەن، حکومەتی هەرێم بچەمێتەوە یان چۆک دابدات بۆ ئیرادەی فاشیزم و شۆفێنیزم و داگیرکاری، ئەمەش هەرگیز روونادات، ئەو زەمەنە بەسەرچوو بتوانن بە فەوجێک و فیرقە و لیوا ناوچەکانی کوردستان داگیر بکەن، هەر کەسێک بیەوێت مامەڵە و دانوستان لەگەڵ ئێمە بکات، دەبێ لە دەوری مێز دابنیشێت نەک بە زمانی فیشەک قسە بکات”.
راشیگەیاند: “هۆکاری هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی بەکارهێنانی شێوازی بە دیلە، بۆ بەدەستهێنانی مەرامی سیاسی، دوو شێواز هەیە بۆ گەیشتن بە مەرام، یەکێکیان شێوە مۆدێرن و عەقڵانیەکەیەتی، کە بە دانوستان و گفتوگۆیە، رێگەی دووەم بە عەنتەری و شەڕه، بە درێژایی مێژوو سەلمێنراوە ناتگێنێتە شوێنی مەبەست، جگە لە ماڵوێرانی هێچی دیكهی لە دواوە نییە، ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بەجۆرێکی دیکە ئیفلاسی سیاسییە، ئەگەر کەسێک بیەوێت بە میتۆدی سیاسی کێشەکانی چارەسەر بکات؛ دەست بداتە مووشەک و ئاربیجی، ئێمە هەم زمانی عەرەبی و هەمیش فارسی دەزانین، ئەگەر کەسێک بیەوێت گفتوگۆمان لەگەڵ بکات”.
لەبارەی گواستنەوەی ئەزموونی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی یەمەن بۆ عێراق، ئاری هەرسین گوتی: “ئەوەی لە یەمەن روودەدات، جگە لە ماڵوێرانی هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی وڵاتەکە نەبووە، ئێستا عێراق لە رووسی سیاسی، سەربازی و ئابووری، لە دۆخێکی خراپ دایە، ئەگەر لەوە خراپتربێت؛ دەبێتە وێرانە و بە هیچ کەس کۆنترۆڵ ناکرێت”.
روونیشكردهوه: “ئەوانەی خەون بە یەکپارچەیی عێراقەوە دەبینن، خەڵکی عێراق بن یان دراوسێ، دەبێ باش بزانن بەو جۆرە سیاسەتکردنە مانای “بە یەمەن کردنی عێراق” هەموو شتێک بپارێزێت یەکپارچەی عێراق ناپارێزێت، بۆیە باوەڕناکەم ئەو لایەنانەی رۆڵیان هەیە لە دۆخی سیاسی یەمەن، حەزیان لێبێت ئەو ئەزموونە تاڵە جارێکی دیكه لە عێراق تاقیبکەنەوە، چونکە وەک دەبینین یەمەن وێران بووە و بووەتە مۆڵگەی شەڕ و پێکدادانی خەڵکێک، کە خەڵکی یەمەن نین و تەنیا خەڵکی یەمەنیش بووەتە قوربانی، ئەگەر هەمان شت لە عێراق رووبدات دەرئەنجامەکەی ماڵوێرانی دەبێت، هەرچەندە باوەڕناکەم شکست لە عێراق دووبارە ببێتەوە”.
k24