وەزیری كارەبا ئاشكرای كرد، لەم مانگە و لە مانگی داهاتوودا چەند وێستگەیەكی كارەبا دەكەونە كار و بڕی كارەبا زیاد دەكات. دەشڵێت: “لەم هەفتەیەدا 250 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و مانگی داهاتووش چەند وێستگەیەك دەكەنەوە كار”.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: “خواستی كارەبا لەم وەرزە چوار هەزار مێگاواتە، ئەو بەرهەمەی ئێستا هەمانە سێ هەزار و 100 مێگاواتە، بەڵاك چەندین یەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدان و سەرۆکی حکوومەت بڕی 75 ملیۆن دۆلاری بۆ بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە تەرخان کردووە”.
زیاتر گوتیشی: “چەند وێستگەیەكمان لەژێر نۆژەنكردنەوە دان، ئەوان تەواوبن بەرهەمی كارەبا و پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر دەبن، 150 مێگاوات لە ێستگەی خەبات ئێستا نۆژەن دەكرێتەوە و لە كۆمپانیای ماس چەندین یەكە هەیە نۆژەن دەكرێنەوە”.
ئاماژەی بەوەش دا، كە لەم ماوەیەدا چەندین یەكەی كارەبا دەست بە بەرهەمهێنان دەكەنەوە و كارەبا زیاد دەبێت، گوتیشی: “بڕیارە لەم هەفتەیەدا 150 مێگاواتی وێستگەی خەبات بگەڕێتەوە، هەروەها لەكۆتایی مانگدا یەكەیەكی وێستگەی ماس دەگەڕێتەوە نێو تۆڕی كارەبای نیشتمانی، كە 100 مێگاواتە”.
وەزیری كارەبا ئاشكراشی كرد، لە مانگی حەوتی داهاتوودا بەرهەمهێنانی كارەبا زیاتر دەبێت، گوتیشی: “وێستگەی تاسڵووجە، كە 51 مێگاواتە دەكەوێتە كار، هەروەها تاكۆتایی مانگی حەوت سێ یەكەی 29 مێگاواتی، كە دەكاتە 87 مێگاوات، ئەوانیش دەكەونە كار، 38 مێگاواتی وێستگەی كەهرۆئاویی دێرەلووكیش دەكەوێتە كار”.
كەمال محەمەد ساڵح راشیگەیاند: “لە مانگی نۆی ئەمساڵدا وێستگەیەكی گەورەی كارەبا لە بازیان دەكەوێتە كار، كە 500 مێگاواتە و لە مانگی 10 بەتەواوی دەكەوێتە كار”.
ئەو دڵنیایی دەدات لە زبادبوونی بەرەهەمی كارەبا و دەڵێت: “بەرهەمهێنانی كارەبا بەرەو باشتر دەچێت و بەدڵنیایی كاتژمێرەكانی كارەباش زیاتر دەبن و بەرە و باشتر دەچێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خەڵكی خۆمان دەیكەین”