عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبردن و بڕیاری ئاکپارتی لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بەشێکی ئەو درامایەی بڵاوکردووەتەوە کە سووکایەتی بە هەرێمی کوردستان دەکرێت و نووسیویەتی: “ئەمە رەنگدانەوەی بیرکردنەوەیەکی موشریکانەیە کە هەستی خەڵک دەبزووێنێت و تووڕەیان دەکات. پێویستە سکاڵا تۆمار بکرێت”.
ئۆرهان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە بازنەی ئەردەخانی باکووری کوردستان تویتێکی لەبارەی دراماکە بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژەیکردووە، ئامانجی نێوەڕۆکی زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” تەنیا و تەنیا بزوواندن و تووڕەکردنی خەڵکە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی هەروەها نووسیویەتی: “ئەو دراما قێزەونە نەژادپەرستییە سەرکۆنە دەکەم، هەروەها سەرکۆنەی کەناڵی atv دەکەم کە پەخشی دەکات”.
ئۆرهان ئاتاڵای هەروەها دەڵێت، “پێویستە بزانرێت کە کێ دەیەوێت بە نکۆڵیکردن لە کۆمەڵگەیەکی دەیان ملیۆنی بگاتە کوێ؟”
لە ئەڵقەی 19یەمی زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” کە رۆژی 03-06-2022 پەخشکرا، لە یەکێک لە دیمەنەکاندا کەسێکی تورک دادگەیی دەکرێت؛ لە دادگەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دانراوە؛ هەروەها یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەیەکی سووری لەسەرە.
ئەو کەسە تۆمەتبارە بە کاری سیخوڕی، کوشتن و کاری مافیایی و بە سووکایەتییەوە باس لە حکومەت و دادگەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو دان بەو دادگەیە و حکومەتەکەشدا نانێت.
تۆمەتباری نێو زنجیرە دراماکە دەشڵێت، تورک 1200 ساڵە لە ناوچەکەدا دەژی و لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، “کەرکووک گۆکتورکە و خاکی تورکمانەکانە. کەرکووک و موسڵ هی ئێمەیە. گەورەترین شەقامی هەولێریش موزەفەرەدین گۆکبۆروە، لەوانەیە رۆژێک بیسڕنەوە، بەڵام ناتوانن مێژوو بسڕنەوە.”
ئەو کەسە کە لە زنجیرە دراماکەدا رۆڵی کەسێکی مافیا و سیخوڕ بەناوی “تەکین گیریتلی” دەگێڕێت، جوگرافیایەک بەناوی کوردستانەوە رەتدەکاتەوە و داوا دەکات لە بەغدا یانیش لە تورکیا دادگەیی بکرێت.
سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 05-06-2022 لەبارەی زنجیرە دراماکەوە گوتی، “شتێکی خراپە؛ بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەین بۆئەوەی وەڵامی بدەینەوە؛ بە دڵنیاییەوە وەڵامی خۆمان دەبێت و رایدەگەیێنین.”
هاوکات ئازاد ئەکرەم، ئەندامی تورکمانی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وهرزش و لاوانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵوێستی لیژنەکەیانەوە ئەمڕۆ یەکشەممەگوتی، “دادگەکانی هەرێمی کوردستان دامەزراوەی یاسایین و ئەو فیلمەش هیچ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا نابێت؛ زنجیرە دراماکە پێچەوانەی هەڵوێستی حکومەتی تورکیایە بەرامبەر هەرێمی کوردستان.”
تاوەکو ئێستا دەزگای باڵای رادیۆ و تەلەڤزیۆنی تورکیا هیچ کاردانەوەیەکی لەوبارەیەوە نەبووە، بەڵام ناڕەزایەتیی لای ژمارەیەک میدیاکار و رۆژنامەڤان لە باکووری کوردستان و تورکیا دروستکردووە.
زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا کە نزیکە لە حکومەتی تورکیاوە، بەرهەم دەهێندرێت. رۆژی 28-01-2022 یەکەم ئەڵقەی لە کەناڵی atvی تورکیا پەخش کرا. عوسمان سناڤ بەرهەمهێن و چاغاتای تۆسون دەرهێنەرەکەیەتی؛ سیناریۆکەی لەلایەن موراد کۆجا و عەلی ئالپەر ئەرزە دەنووسرێت. سیناریۆی زنجیرە درامای “گورگی تەنیا” باس لە مێژووی تورکیا، شەڕوپێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە و دۆخی سیاسیی تورکیا دەکات. هەروەها گۆڕانکارییەکانی تورکیا و دەوروبەری و رۆڵی ئەمریکاش لە ناوچەکەدا باسیان لێوە دەکرێت.
ژێدەر
رووداو