پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئومێد دەخوازێت ئەو حیزبە وەک بەشدارێکی سەرەکی حکومەت پشتیوانی حکومەت بێت لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی و “خزمەتی خەڵکی کوردستان.” دەشڵێت، “جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگی و کارکردنی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە.”

بەبۆنەی 47ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن “لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان.”

مەسرور بارزانی ئومێدەوارە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک بەشدارێکی سەرەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، “پشتیوانی بەهێزی حکومەت بن لەپێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتێکی شایستەی خەڵکی کوردستان بکات.”

بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەم یادەدا جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگی و کارکردنی لایەنە کوردستانییەکان دەکەنەوە “بۆ داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.”

ھەواڵی زیاتر