ڕاگەیەنراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی کورد لە بەریتانیاوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە رێکكەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و، هاوکات به‌ روونی ده‌یڵێین لە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک پرسی ناردنه‌وەی زۆرەملێ باس نەکراوە”.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە؛

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دیارە ژمارەیەک هاونیشتمانیانی کورد لە بەریتانیا و میدیاکان پەیوەندی دەکەن لەسەر پرسی ناردنەوەی به‌ زۆری هاووڵاتیانی کورد و ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەریتانیا له‌و بارەیەوە.

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا بە پێویستی دەزانێ ڕایبگەیەنێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ڕێکكەوتنێکی لەگەڵ بەریتانیا نییە بۆ ناردنەوەی زۆرەملێ و، هاوکات به‌ ڕوونی ده‌یڵێین لە سەردانی فەرمی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک پرسی ناردنه‌وەی زۆرەملێ باس نەکراوە و هیچ ڕێککه‌وتنێکیش له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌کراوه‌. هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌سه‌ر ئاستی نه‌هێشتنی تاوانی ڕێکخراو و به‌دواداچوونی تاوانباران و بازرگانانی مرۆڤ هه‌ماهه‌نگن و  هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن.

په‌یوه‌ندییه‌ دوولایه‌نه‌کانی شانشینی یه‌کگرتووی بەریتانیا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان قووڵ و دۆستانه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و به‌رژه‌وه‌ندیی دوولایه‌نه‌یه‌، ئه‌و پرسه‌ی که‌ هه‌ندێک که‌س و لایه‌ن ده‌یانه‌وێت چه‌واشه‌ی بکەن و هه‌ستی هاووڵاتیانی پێ بجووڵێنن و بۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورتخایه‌نی خۆیان به‌کاری بهێنن، ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئه‌وله‌ویاته‌کانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پرسی ناردنه‌وه‌ی به‌زۆر نییه‌.

ھەواڵی زیاتر