سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی 5 دۆنم زەوی بۆ سەگە بێلانەکان دابین دەکات.
دەقی روونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانی لەوبارەیەوە:
بەپێویستمان زانی، وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕوونكرنەوەیەك لەسەر پەناگەی” سەگی بێلانە” بخەینە ڕوو. سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی، وەك ئەركی سەرەكیی خۆی، بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی، زەوییەكی بە ڕووبەری (5) دۆنم لە نزیك بازگەی عەربەت دابینكردوە، بۆ كۆكردنەوەی ” ئاژەڵ و سەگی بێلانە” و دوورخستنەوەیان لەناو گەڕەكەكانی شاری سلێمانی، دوای تەواوبونی ”پەناگەكە” لە ڕێكەوتی ٢٠٢٢/١/١٠، كاركرا بۆ وەرگرتنی ”سەگی بێلانە” هەروەها نزیكەی (٢٠) كارمەندو (٣)ئۆتۆمبێلی لەلایەن سەرۆكایەتیمانەوە بۆ دابینكراوە، لە ئێستادا لە هەوڵی بەردەوامداین، بۆ گرنگیدان بەم بابەتە، كە نوسراومان كردوە بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەمەبەستی دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت، وەك لە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوانیدا ئاماژەی پێدراوە، هەروەها بە هۆبەكردنی ئەو پەناگەیە تا بتوانرێت گرنگیی زیاتری پێبدرێت، كە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ كاریگەری زۆری هەیە.
دواتر ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، لە كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٢/٣/١٧، بە بڕیاری ژمارە (٣٨)، بڕیاریان لەسەر پەناگەكە دەركرد بەمشێوەیەی خوارەوە: پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بەپێی ماددەی (٢٧) بڕگەی ١ بەندی/ ز، لەیاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان ژمارە(٦) ساڵی ١٩٩٣ هەمواركراو، بڕیاردرا بە:
١- دابینكردنی پارچە زەوییەك بۆ پەناگەی ئاژەڵی بێلانە.
٢-پەناگەكە لەڕووی كارگێڕی و ژمێریارییەوە، سەر بە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی دەبێت، بە هاوكاری هەموو لایەنە فەرمی و نیمچە فەرمی و نافەرمییەكان، بە هەماهەنگیی لەگەڵ شارەوانیدا، كار لە پەناگەكەدا دەكەن.
٣-شارەوانی سلێمانی، بەپێی ماددەی (٢٧ بڕگەی ٢)، لەیاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان، ژمارە (٦) ساڵی ١٩٩٣ هەمواركراو، بەرپرسە لە دابینكردنی پشتیوانیی دارایی لە بودجەی شارەوانی، بۆ بە گەڕخستنی پەناگەكە، بەپێی ماددەی (٤) لە یاسای داهاتی شارەوانییەكان ژمارە (١٣٠) ساڵی ١٩٦٣، سود لە بەخشین و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسایەتیی و ڕێكخراوەكان وەردەگرێت.
٤- سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، بەرپرسە لە گرتنی ئاژەڵە بێلانەكان، جگە لە سەگی بێلانە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ”بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی، چونكە بەپێی ماددەی (٤) لە یاسای قەڵاچۆكردنی ”سەگە بێلانەكان” ژمارە(٤٨ ساڵی ١٩٨٦)، ئەركی گرتنی سەگە بێلانەكان، لە ئەستۆی ”بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدایە”، هەروەها بەپێی ماددەی (٣) لە یاسای قەدەغەكردنی سەگە بێلانەكان، ژمارە (٤٨ ساڵی ١٩٨٦)، ئەگەر سەگی بێلانە بۆ شارەوانی ڕەوانەكرا، ئەوا لەگەڵ ئاژەڵە بێلانەكانی تردا، لە پەناگەی ناوبراودا كۆدەكرێنەوە. لەدوای دەركردنی بڕیاری وەرگرتنی ”سەگی بێلانە” هەڵمەتەكەمان دەستپێكردوە، بەڵام لە ئێستادا بەخاوی دەڕوات، بە هۆكاری نەبوونی پێداویستی و ستافی پێویست و بودجەی تایبەت، وە چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتین، تایبەت بەدابینكردنی ئەم پێداویستییانە.
لەگەڵ ڕێزی سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی.