بەرای گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و میدیاکاران رادەگەینین، وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ لیستێکی جیاکاری شەهیدان و لایەنی سیاسیان بڵاو نەکردۆتەوە، بەهیچ جۆرێک پۆلبەندی و ریزبەندی شەهیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەرەسمی نەکراوە. نە لەرابردوو نە لەئێستا و داهاتوو نەبووەو نابێت، هەر لیست و جیاکارییەک لەوبارەیەوە بەناوی ئەمینداری گشتیی و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و ناحەقیشە بەرامبەر بەخوێنی شەهیدانمان. لەوبارەیەشەوە، چەواشەکاران و ساختەکاران دەدەین بە یاسا و روبەڕووی دادگایان دەکەینەوە.
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، دووپاتیدەکەینەوە، شەهیدانمان بە یەکەوە لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستان و کەرامەتی تاک بەتاکی گەلەکەمان و پاراستنی ئەزموونی هەرێم و ئاشتی بۆ جیهان گیانیان بەخشیوە، بۆیە لە لای ئێمە شەهیدان شەهیدی ئاڵاو خاکی پیرۆزی کوردستانن.