گەر عوسمانی كوری عەفان، لە پەرلەمان بوایە ئەمەی دەوت
لەگەرمەی گفتووگۆدا و لە نێو ئەم هەموو قەیرانەدا، باسی موچە و باسی قەیرانی گەورەیی سیاسی و باسی پرۆژەی چاكسازی گۆڕا، لە عەلی وەردیەوە دەستی پێ كردو، لە عوسمانی كوڕی عەفاندا، بوو بە دەنگەدەنگ، وات هەست دەكرد پەرلەمان هێندە بەدواداچونی بۆ گەندەڵی و بژێوی خەڵك كردوە، كەدەست بەدەست گەشتۆتەوە بەسەردەمی خەلیفە عوسمانی كوڕی عەفان
هەر لەگەڵ گۆڕینی ئاراستەی گفتوگۆكەی پەرلەماندا، شەقام ئاراستەكەی گۆڕا، بەجۆرێ كە دەیان ڕەسمی سەرەو خوار و زەڕب لێدراوت دەهاتە پێشچاو، بەس نەبوو خەلیفەی سێهەمی ئیسلام وێنەی نەبوو، ئەگینا فەیسبوك پڕ پڕدەبوو لە وێنەی ئەو، بە فەیسبوكەكەی منیشەوە، خەریكە دەبینە پاڵەوانی فەیسبوك لە كاتێكدا دۆڕاوی جەنگین
بەڕای من گەر ئێستا، ئیمامی عوسمان(ڕەحمەتی خوایلێبێ) چاوی لە پەرلەمانبوایە و قسەی بكردایە، بێدەنگ نەدەبوو، ڕووی دەكردە ئەوانەی پێیان وایە گەندەڵی لەوكاتەوە سەری هەڵداوە و پێی دەوتن، كوڕی باش تۆ كەشارەزایت لە شتێكدا نیە قسەی تیامەكە، پێی دەوتن ڕێز لە بەرامبەرەكانتان بگرن، پێی دەگوتن تۆ ئەمڕۆ كێشەی مووچەت هەیە و خەڵك پارەی پێ نیە و ڕۆژانە بەسەر سەدان تاوانی گەورەدا هەنگاو دەنێن، بۆ گەشتنە وە سەردەمی خەلافەتی من، ئێوە خەریكە گەندەڵی قوتتان دەدا، بۆ پاساوی بۆ دەهێننەوە و ناتانەوێ چارەی بكەن، پێی دەوتن من سەروەوەتەكەم خستە خزمەتی خەڵك و بانگەواز و دینەكەم، ئێوەش پارەكانتان بخەنە خزمەت خەڵك تا حكومڕانیتان باشتربێ، پێی دەوتن ئێوە هەزاران مایل لە منەوە دوورن دوور
ڕووی دەكردە بەشێك لە بەرگریكارەكانی و پێی دەوتن، قسە بكەن و ڕەخنە بگرن و ناڕازیبن و بێدەنگ مەبن، بەڵام تەشهیر و ناوزراندن و جنێو دووریە لە من، ڕووی دەكردە هەندێكیان و پێی دەوتن بێدەنگی و بێهەڵوێستی خۆت لە بەرامبەر میللەتەكەت و ئەوانەی دەنگیان پێداوی لە پاڵ هاتوو هاوار بۆ منا مەشارەوە، پێی دەوتن من لە پاڵ ئاینی ئیسلامدا سەروەتەكەم كەمی دەكرد، كەچی هەندێكتان زیاد دەكات، پێی دەوتن من بەدەوڵەمەندی موسڵمان بووم و بەهەژاری ڕۆشتم، كەچی ئێوە بە هەژاری دێن و بە دەوڵەمەندی دەڕۆن و ئەوەش هەر دووریە لەمن، من دڵنیام ئەو دەیفەرموو، ئەی ئەوانەی نزیكن لێم، ئێوە ئەمە بكەنە دەرفەتی نیشاندانی پەیامەكەمان بە تێگەشتنێكی عاقڵانە، بیكەنە دەرفەتی دژایەتی گەندەڵی و بەدەنگ هاتن لە پێناوی داوای خەڵك نەك بەدەنگهاتن لەسەر من، ئێوە دەزانن چ غەدرێك لە من كرا بەكوشتنم! ئیدی هەمان ئەو دەستانە درێژ دەبنەوە و بە مێژوودا ڕۆدەچن و ناتوانرێت ڕێگرییان لێ بکرێت…
من دڵنیام گەر ئیمامی عوسمان، حازربوایە دەیفەرموو، لە من گەڕێن و لەو خوێنە بەجواب بێن كە جەندین ساڵە بە ناحەق دەیڕژێنن، هەرگیز قسەوتن بەمن بە ئەندازەی ڕشتنی خوێنی شەهید مامۆستا هێرشی كۆیە تاوان نیە كە لە خۆپیشاندانەكاندا ڕژاو هیچتان نەوت، بێئەدەبی بەرامبەر بە من هیچ كات هێندەی بەكارهێنانی دین بۆ دەستخستنی بەرژەوەندی شەخسی تاوان نیە، ئێوە بگەڕێنەوە سەر ژیانی ڕاستەقینەی خۆتان بەو جۆرەی كە خوای گەورە داوامان لێدەكات، كەسێك ماڵی دنیا لە خوا دووری خستبێتەوە بە خۆشویستنی من نزیك نابێتەوە، ئێوە كاری خۆتان بكەن، چاودێر و ڕێگریكاری بەهەدەردانی ماڵی گشتیبن و یاساكان لە پێناوی خەڵكا دەركەن و لە پێناوی حكومڕانی باشا خۆتان ماندووكەن و لەسەر ناحەقی بەجواب بێن و حەق بڵێن و خاكەكەی خۆتان خۆشبوێ و خیانەت لە خاك و خەڵك مەكەن و مەبنە سەرئێشە بۆ خەڵك، ئەوكات لە خواوە نزیكن
دواجار پێمان دەڵێت: بیریشتان نەچێت كەم نین ئەوانەی كە منیان خۆشدەوێ و منیش ئەوانم خۆشدەوێت و ئێستا لە ناویشتاندا دەژین.
عوسمان گوڵپی