قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند، لە مانگی رەمەزاندا چاودێرییەکانیان چڕدەکەنەوە تا ڕێگری لە قۆرخکاری بکەن و وتی: لە رەمەزان سەرجەم شوێنەکانی خواردنە کحولییەکان دادەخرێن و فرۆشتنیان قەدەخە دەبێ.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەموو ساڵێک پێش مانگی رەمەزان پلان و بەرنامەیەکی تایبەتمان دەبێت بۆ پێشوازیکردن لەو مانگە پیرۆزە لە هەموو روویێکەوە.”
قایمقامی هەولێر دەڵێ: لە مانگی ڕەمەزاندا ژمارەی لیژنەکانمان زیاد دەکەین، لە رووی چاودێرییەوە کارەکان چڕتر دەکرێنەوە، سەردانی شوێنەکان بە رێژەیەکی زیاتر دەکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە قۆرخکاری بکرێت، رێگری لەو کەسانە بکرێت کە هەوڵدەدەن نرخی خۆراک بەرز بکەنەوە بە تایبەت ئەو خۆراکانەی کە پێداویستی رۆژانەی هاونیشتمانیانن لە مانگی رەمەزان بە تایبەت خورما، نیسک، شیرنەمەنییەکان و ئەو شەربەتانەی ئێواران دەفرۆشرێن.”
نەبەز عەبدولحەمید وتیشی “بە درێژایی مانگی رەمەزان سەرجەم شوێنەکانی خواردنەوە کحولییەکان دادەخرێن و فرۆشتنیان قەدەخەیە. خواردنی، خواردن و خواردنەوە بە ئاشکرا رێگەپێدراو نابێت، خواردنگە و چێشتخانەکان ئازادن لە رەمەزاندا شوێنەکانیان بکەنەوە، بەڵام دەبێت رێزی ئەو مانگە بپارێزن و بە پەردەیەکی پاک و نوێ شوێنەکانیان دابپۆشن.”
سەبارەت ئاهەنگگێڕان لە یانە شەوانەکان و شوێنە گشتییەکان، قایمقامی هەولێر دەڵێت، “بە هەموو شێوەیەک بە درێژایی مانگی رەمەزان ئاهەنگگێڕان لە یانە شەوانەکان و شوێنە گشتییەکان قەدەخەیە.”