وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، ئەو دوو درۆنە ئێرانیەی کە مانگی رابردوو لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە لە نزیک شاری هەولێر خرانە خوارەوە، بۆ ئەوە نێردرابوون تاوەکو لە نێو ئیسرائیل بتەقنەوە.
دوو درۆنەکە، کە لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکاوە لە 14ی مانگی رابردوو خرابوونە خوارەوە، لە جۆری شاهد 136 بوون، ئەوە بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل.
پێش ئەو هێرشە شکستخواردووە، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیل لە ئامادەباشیدابوون، چونکە لەوە دەترسان لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران، تاران هێرش لە دژی ئیسرائیل بکات.
هەفتەی رابردوو، میدیای نزیک لە حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، هەر لە مانگی شوباتدا ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی سەدان درۆنی ئێرانیی لە بنکەیەکی ئاسمانیی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوبردووە. لە دوای ئەو هێرشە، ئێران 12 مووشەکی بالیستی ئاراستەی پایتەختی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش بە پاساوی بە ئامانجکردنی پێگەیەکی ئیسرائیلی کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە دەنگۆیێکی بێ بنەما ناوی دەبەن.
پشتڕاستکردنەوەی هەوڵی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی هەولێرەوە، مانگێک دوای ئەوە دێت کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل رایگەیاند ساڵی رابردوو، دوو درۆنی شاهد 197 کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆشتن، لە لایەن فڕۆکە جەنگییە ئیسرائیلییەکانەوە خرابوونە خوارەوە.
دوو درۆنەکە، یەکێکیان لە باشوورەوە بەرەو ئیسرائیل بەڕێکەوتبوو، کاژێر 1:44ی بەیانی هەستی پێکرابوو و کاژێر 2:19ی بەیانی خرابووە خوارەوە. دووەمیان، لە رۆژهەڵاتی ئیسرائیلەوە بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێککەوتبوو، کاژێر 1:46ی بەیانی دۆزرابووەوە و کاژێر 2:16ی بەیانی تێکشکێنرابوو.
درۆنەکان لە رێگەی فرۆکەی ئێف 35ـەوە تێکشكێنرابوون.
هێزی بەرگری ئاسمانیی ئیسرائیل ئاشکرای نەکردووە کە بە دیاریکراوی لە کوێوە درۆنەکان ئاراستە کرابوون، بەلام رایگەیاند “درۆنەکان بە درێژایی گەشتەکەیان لە لایەن یەکینەکانی کۆنتڕۆلی زەوینییەوە دۆزرابوونەوە و شوێنیان کەوتبوون.”
پارچەی درۆنەکان لە لایەن وڵاتێکەوە کە ئیسرائیل لەبەر هۆکاری ئەمنی ناوی ئاشکرانەکردووە، کۆکرابوونەوە و بە دۆکیۆمێنت کرابوون و دواتر درابوونە هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلی.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت: “پێش ئەوەی درۆنەکان بگەنە سنووری ئاسمانیی ئیسرائیل، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، دۆزرابوونەوە.”
ژێدەر
رووداو