تاکە بەربژێرەکەی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەنجامی کۆنگرەی 12ی حیزبەکەی تۆمارکرد و دەڵێت: “هەڵبژاردنەوەی رابەر بۆ خولی سێیەم نایاساییە و لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدا نەهاتووە، کە کەسی یەکەم لە دوو خول زیاتر ئەو پۆستەی هەبێ”.
کامیل حاجی عەلی، بەربژێری بێ رکابەر و دەرنەچووی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە کۆنگرەی 12 رایگەیاند: “دەرچوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز، لە کۆنگرەدا، کارێکی تەواو نایاساییە و لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدایە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵای یاساییم لە دژی ئەنجامی کۆنگرەکە لەلای لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تۆمار کردووە”.
کامیل حاجی عەلی ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆنگرەدا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورام پێدراوە، کە ئەمە هەمان دەسەڵاتی پۆستەکەی پێشوومە کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بووم “من هیچ پۆستێکم قبووڵ نییە و دەبێ بە یاسا بیسەلمێنم کە ئەو کارە نایاساییە”.
کامیل حاجی عەلی، ئێستا عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بە رابەری خۆی نازانێت و دەشڵێت: “بەر لە کۆنگرە هەڕەشە لە من و ئۆرگانەکانی حیزبیش کراوە و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە نامەمان بۆ هاتووە، کە تێیدا چەند تۆمەتێک دراوەتە پاڵ من و هەڕەشەش کراوە، بەشێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە کە من لەکاتێکدا وەزیر بووم لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ هاوکارییەکی ماددی حیزبم نەکردووە، لەکاتێکدا بە ئێستاشەوە کە خانەنشینم، بەشێکی مووچەکەم بۆ حیزبە”.
کامیل حاجی عەلی هەروەها گوتی: “لە نامەکەدا ئەوەش نووسراوە، کە گوایە دەستێکی گڵاو هەبێ بۆ نەهێشتنی بزووتنەوەی ئیسلامی و نووسەرانی نامەکەش ئەوەشیان نووسیوە کە مەگەر کەسی دیکەی جگە لە کاک عیرفان عەبدولعەزیز، بەسەر لاشەی ئەواندا بچێت و ببێتە رابەر”.
ئەحسەن حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، بوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەر، کۆتاییهاتووە و کۆنگرە بڕیاری لێداوە.
ئەحسەن حەسەن گوتی: “مانگێک بەر لە کۆنگرە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا، کە ئەگەر هەر کەسێک خۆی بەربژێر بکات بۆ رابەری حیزب، ئەگەر رکابەری نەبێت، دەبێ 50+1ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەو رێژەیە بەدەستنەهێنێ، ئەوا خۆکارانە رابەری پێشوو هەمان پۆست وەردەگرێتەوە، ئەم بڕیارەش کۆنگرە داویەتی”.
رۆژی شەممە 05-02-2022 کۆنگرەی 12ـەمی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو. تەنیا یەک بەربژێر بۆ پۆستی رابەری گشتی، 35 بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی شوورا و 15 بەربژێر بۆ 9 مەڵبەند خۆیان بەربژێر کردبوو.
لە کۆی 631 ئەندامی کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، 542 ئەندام دەنگیان دا. مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند: “رابەری گشتی کە هەموو تایبەتمەندییەکانیشی لەگەڵە، هەرچەندە بە یاسا و پەیڕەو و پرۆگرام بۆی هەبوو خۆی بەربژێر بکات، بەڵام ئەو خۆی خۆویستانە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە”.
دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی تاکە بەربژێری بزووتنەوەکە نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا، کە پێدەچوو ئەنجامەکەی بەدڵ نەبێت و هەر زوو هۆڵی کۆنگرەی بەجێهێشت.
بە دەنگی 277 ئەندامی کۆنگرە، کە دەنگیان نەدابوو بە كامیل حاجی عەلی؛ عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، هەرچەندە خۆیشی بەربژێر نەکردبوو.
ژێدەر
رووداو