بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دەڵێت، بەربژێری سەرۆک بارزانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هۆشیار زێبارییە و هەر ئەویش دەبێت؛ ئاماژە بەوەش دەدات کە هۆشیار زێباری تەنیا بەربژێری پارتی نییە، بەڵکو بەربژێری سەدرییەکان و هاوپەیمانیی سەروەرییشە؛ ئەوەشی خستووەتەڕوو، د. بەرهەم ساڵح کۆسپ لەبەردەم دانیشتنی پەرلەمان دروستدەکات بۆئەوەی لە پۆستەکەی بەردەوامبێت.
رۆژی دووشەممە 07-02-2022 عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی پارتی لە دووەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق راگەیاند و گوتی، “ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنی سەدری و هاوپەیمانیی سەروەری هاوپەیمانییەکمان پێکهێناوە؛ بەشدارینەکردنی ئێمەش پەیوەندیی بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە هەیە؛ یەکێک لەوانەش دەرکردنی فەرمانێکە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە لەسەر بەربژێری ئێمە”.
بە گوتەی عەرەفات کەرەم، دەرکردنی ئەو فەرمانەی دادگەی فیدراڵی لەسەر هۆشیار زێباری “جێگەی مەترسی نییە؛ هەندێک لایەن وا بیر دەکەنەوە کە ئیدی هۆشیار زێباری کۆتاییهاتووە، بەڵام با دڵی خۆیان خۆشنەکەن، چونکە ئەو فەرمانە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە”.
لەسەر ئەو سکاڵایەی لەسەر هۆشیار زێباری لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دەڵێت، “ئەو بابەتە چەندین ساڵە کۆتاییهاتووە؛ هەڵدانەوەی ئەو دۆسیانە لەم کاتەدا پرسێکی سیاسییە کە بەڕێز بەرهەم ساڵح هەوڵدەدات دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت و کۆسپ دەخاتە بەردەم ئەوەی دانیشتنەکە بکرێت، چونکە دەزانێت ئەگەر دانیشتنی پەرلەمان بکرێت هۆشیار زێباری دەردەچێت”.
عەرەفات کەرەم جەخت لەسەر رۆڵی بەرهەم ساڵح لەو دۆسیەیەدا دەکاتەوە و دەڵێت، “خۆ دەستی مۆزەمبیقی تێدا نییە؛ هەر ئەوە ئەو کارە دەکات”.
لەبارەی تەواوکردنی رێژەی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی دڵنیایی ئەوە دەدات کە “هەر دانیشتنێکی پەرلەمان بکرێت ئەگەر ئەو هاوپەیمانییەی ئێمە بەشدار نەبێت، هیچ دانیشتنێک ناکرێت، چونکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستە 219 ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بن”.
عەرەفات کەرەم جەخت لە “بێتاوانی” هۆشیار زێباری دەکاتەوە لەو دۆسیانەی رووبەڕووی کراونەتەوە و دەڵێت، “ئەگەر شتێک لەسەر هۆشیار زێباری هەبووایە، لە دەستپاکی، خوێندنی باڵا و بابەتە پەیوەندیدارەکان، ئەوکات لایەنەکان کە هاوپەیمانیمان لەگەڵیان پێکهێناوە قبووڵیان نەدەکرد”.
بە بۆچوونی عەرەفات کەرەم، ئەو هەوڵانەی دژی بەربژێرەکەی سەرۆککۆمار دەدرێن، “هەوڵی سیاسین و مەبەستی سەرەکییان ئەوەیە دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت بۆئەوەی بەڕێز بەرهەم ساڵح بەردەوام بێت لە سەرۆکایەتیی کۆمار. جێگەی داخە کە بەڕێز بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتیی کۆماری کردووەتە ئامرازێک بۆ هەڵبژاردن و بەرژەوەندیی کەسیی خۆی. بۆ ئەو هەڵمەتەش ئەو دەسەڵاتەی خۆی لەسەر دادگە و زۆر دەزگای دیکە بەکارهێناوە، کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە”.
بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی، رژدبوونی خۆیان لەسەر بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری دەکەنەوە و دەشڵێت، “بەربژێری سەرۆک بارزانی هۆشیار زێبارییە و هەر ئەویش دەبێت؛ هۆشیار زێبارییش تەنیا بەربژێری پارتی نییە، بەڵکو بەربژێری سەدرییەکان و هاوپەیمانیی سەروەرییە؛ هەموویان رازین لەسەری و هیچ کێشەیەکی نییە. ئێمە رژدین لەسەر بەربژێربوونی و هیچ بڕیارێک نییە پەشیمان ببینەوە”.
ژێدەر
رووداو