پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و بە گوێرەی بەرنامەی کاری راگەیەنراو، بە ئامادەبوونی سێ وەزیر و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خوێندنەوە بۆ راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری دەکات.
لە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەی سێشەممە 27.7.2020ی پەرلەماندا هاتووە” بەپێی حوکمی ماددەی (5) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم) لە ماددەی 16 و بڕگەی سێیەم لە ماددەی 18 و بڕگەکانی ( یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (20) و ماددەکانی (47،48،52،54،55،56،57)لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، دەستەی سەرۆکایەتی بڕیاریدا بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (7)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی دووەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتژمێر 10:00ی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێککەوتی 28.7.2020 بەم شێوەیە بێت:
یەکەم: خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری سەبارەت بە دۆخی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان ( وەزیرانی دارایی و ئابووری، پلاندانان و هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا ) لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق، بەپێی حوکمی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 66 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
دووەم: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئەرکی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان) بەپێی حوکمی ماددەکانی (87،88،89) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.