به‌رهه‌م ساڵح له‌ پشتگیریکردنى سونه‌ و شیعه‌کان بێئومێد ده‌بێت


هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتیى و به‌رهه‌م ساڵح ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ بۆ دووباره‌ به‌ ده‌ستهێنانه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆککۆمار ده‌ستیپێکردووه‌، به‌ڵام به‌ پێى زانیارییه‌کان ئه‌و پیشتگیرییە ناوخۆیی و ده‌ره‌کیانه‌ى بۆ دانانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح هه‌ن یه‌کێتیى و ناوبراویان بێئومێد کردووه‌ بۆ دووباره‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌.
به‌ پێى زانیارییه‌کان، له‌ دواى ڤیتۆکه‌ى بارزانى و پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ دانانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌رۆککۆمار، له‌ ئێستا جگه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى عه‌زم و ته‌قه‌دوم له‌ نێو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌کان به‌شێکى زۆر له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ئاماده‌ نین پشتگیرى به‌رهه‌م ساڵح بکه‌ن.
به‌پێى زانیارییه‌کان، یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ هه‌وڵه‌کانى بۆ ده‌رچوواندنى کاندیده‌کەى ده‌ستپێکردووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا هیچ بژارده‌یه‌کى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ جگه‌ له‌ گۆڕینى کاندیده‌که‌ى، یاخود رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى دیموکراتى کوردستان.

یه‌کێک له‌ کارته‌کانى به‌رهه‌م ساڵح پشتگیریکردنى نێوده‌وڵه‌وتى و ئیقلیمى و په‌یوه‌ندییه‌کانى خۆیه‌تى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتارى هێزه‌ سیاسییه‌کانى عێراق و سه‌ربه‌خۆکان، که‌ پشتگیری له‌ دانانه‌وه‌ى ناوبراو ده‌که‌ن.
هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ یه‌کێتیى لێکتێگه‌یشتنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌کانى نێو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا بێهیوابووه‌ له‌ ده‌رچوواندنى کاندیده‌که‌ى یه‌کێتیى بۆ پۆستى سه‌رۆککۆمار.
پارتى دیموکراتى کوردستان و به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق نیگه‌رانن له‌وه‌ى که‌ به‌رهه‌م ساڵح له‌رێگه‌ى ماددیه‌وه‌ ده‌یه‌وێ ده‌نگى به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتاره‌کانى عێراق له‌رۆژى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆککۆمار بۆخۆى ببات.

ژێدەر

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر