مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد .
لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تاووتوێ کرا .
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێک کردەوە کە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی کۆچبەران کرا و ئاماژە بە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەریتانیا درا، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و ڕێگریکردن لە کۆچکردن بە ڕێگەی نایاسایی.
چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

ھەواڵی زیاتر