فراكسینی كۆمەڵ: سیاسەتی بێدەنگکردن و سەرکوتکاری تاسەر بەردەوام نابێت
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان، نامەی دەستلەكار كێشانەوەی سۆران عومەریی پەسەند كرد، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: سۆران عومەر كاندیدی تەنها كۆمەڵی ئیسلامی نەبووە و دەنگی هەق وڕاستی هەرێمی كوردستان بوو.
لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەداخەوە ئەو زوڵمو زۆرەی لە هەرێمی كوردستاندا دەكرێـ و ئەو هەموو ناعەدالەتییە هەیە، دەسەڵات توانا و بەدواداچونەكانی سۆران عومەر بەناهەق و ناڕەوا دەزانێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی كۆمەڵ
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ئەمڕۆ ٢٧ ی تەموزی ٢٠٢٠ دەستلەکارکێشانەوەی کاک (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەمان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا .
بەم بۆنەیەوە وەک فراکسیۆنی کۆمەڵ چەند ڕاستییەک بۆ ڕایگشتیی و دەسەڵاتی سیاسیی دەخەینەڕوو:
١. دەسەڵات بەو هەموو شکست و گەندەڵییەی تێیکەوتووە، بەو هەموو کارەساتەی بەسەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستاندا هێناوێتی، هێشتا ئەوەندە کەم تەحەمول و سینە تەنگە بەرگەی ڕەخنەیەک ناگرێت و نایەوێ حەقیقەت ببیستێ، بۆیە هەرزوو کەوتە بەکارهێنانی یاسا و دادگا بۆ بێدەنگکردنی خەڵک و نوێنەرەکانی .
٢. ڕاستە کاک سۆران ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ بوو، بەڵام نوێنەرێکی بەجورئەتی خەڵک و پەرلەمانتارێکی چالاکی کوردستان بوو، بە دەستلەکارکێشانەوەشی زیان بە دەنگی خەڵکی مەزڵوم کەوت و پەرلەمان یەکێک لەو دەنگانەی لەدەستدا کە بەردەوام دژ بە گەندەڵیی بەرز بووە .
٣. سیاسەتی بێدەنگکردن و سەرکوتکاری تاسەر بەردەوام نابێت، ڕۆژێک دێت ئەم ستەمکارییە کۆتایی بێت، تاکە ڕێگەی دروست، سەلماندنی پەرێز پاکی دەسەڵاتە بۆ خەڵک و دروستکردنی متمانەیە نەک بەکارهێنانی دادگا و یاسا بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و حزبیی !
عەبدولستار مەجید
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ
لە پەرلەمانی کوردستان
٢٧ ی تەموزی ٢٠٢٠