تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە پشکی کوردە ڕێکنەکەوتوون، بەڵام بەپێی زانیاریەکان، ئێران پشتگیری لە بەرهەم ساڵح دەکات و یەکێتیش ناچارە کاندیدی بکاتەوە.
بڕیارە 9ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی بکات، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، لایەنەکانیش بە تەواوفوق کاندیدی سەرۆکی حکومەت و سەرۆک کۆمار دیاری دەکەن. بەپێی زانیاریەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، پشتگیری لە بەرهەم ساڵح دەکات، بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار، بۆ ئەو مەبەستەش فشاری خستۆتە سەر یەکێتی و ناچاری کردووە بەرهەم ساڵح کاندید بکاتەوە و بیر لە گۆڕینی نەکاتەوە.
ئێران، هەموو لایەنەکانی نزیکی خۆی لە عێراق ئاگادار کردۆتەوە کە پشتگیری لە بەرهەم ساڵح بکەن، لە بەرامبەریشدا یەکێتی ناچارە بە هەر نرخێک بووبێ، پارتی رازی بکات بەوەی بە کاندید کردنەوەی بەرهەم ساڵح ڕای ببێت.
بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش ، یەکێتی ترسی ئەوەی هەیە کە پارتی بە بەرهەم ساڵح ڕازی نەبێ، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکانی نزیکی ئێران ڕێککەوتووە کە ئەگەر پارتی ڕازی نەبوو، ئەوان کاندیدی خۆیان کە بەرهەم ساڵحە پێشکەش دەکەن و بە پاڵپشتی ئەوان ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار.
هەر بەپێی زانیاریەکان، ئەمریکاش هیچ لارییەکی نیە لەوەی کە بەرهەم ساڵح ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار. ئەو پشتگیریەی ئێرانیش بۆ ناوبراو، بێدەنگبوونییەتی لە پرسی تەعریب و مادەی 140 و گرنگیدانە بە پرۆژەکانی ئێران.