کۆرۆنا بێهۆشی کرد و بە حەبی ڤیاگرا بە هۆشهاتەوە

خانمه‌ په‌رستارێك له‌ به‌ریتانیا، دوای ئه‌وه‌ی تووشی كۆرۆنا بوو، به‌ توندی نیشانه‌كانی لێده‌ركه‌وت و به‌هۆیه‌وه‌ نزیكه‌ی مانگێك بێهۆشكه‌وت، به‌ڵام به‌ پێدانی حه‌بی ڤیاگرا، به‌هۆش خۆی هاته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ده‌یلی مه‌یلی به‌ریتانی، دوای ئه‌وه‌ی مۆنیكا ئه‌لمێدا، ته‌مه‌ن 37 ساڵان، كه‌ پیشه‌ی په‌رستاره‌، تووشی كۆرۆنا ده‌بێت، بۆ ماوه‌ی 28 رۆژ بێهۆش ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێری پزیشكی ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ به‌كارهێنانی حه‌بی ڤیاگرا، كه‌ وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی كلینیكی پێیدراوه‌، هۆشی دێته‌وه‌.


ئه‌و په‌رستاره‌ به‌هۆی سه‌ختی ره‌وشی ته‌ندروستی، گوازرابۆوه‌ چاودێری چڕ، وه‌ك خۆی بۆ رۆژنامه‌كه‌ باسیكردووه‌، پزیشكان بڕیاریاندابوو ته‌نیا 3 رۆژی دیكه‌ ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردنی له‌سه‌ر بمێنێته‌وه‌، دواتر لایبده‌ن، به‌مجۆره‌ش كۆتایی به‌ ژیانی ده‌هات.

مۆنیكا ئه‌لمێدا، كه‌ له‌ ژووری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردی نه‌خۆشخانه‌ی لینكۆن كارده‌كات و هه‌ر له‌وێش چاره‌سه‌رییه‌كانی وه‌رگرتووه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، كاتێك هاتووه‌ته‌وه‌ هۆش خۆی، پزیشكان پێیانگوتووه‌، كه‌ حه‌بی ڤیاگرایان پێداوه‌، ئه‌و حه‌به‌ش بووه‌ته‌ هۆی چاره‌سه‌ربوون و رزگاركردنی له‌و دۆخه‌ ته‌ندروستییه‌ی تێدایه‌.

حه‌بی ڤیاگرا، ناوه‌ زانستییه‌كه‌ی سیلدینافیل Sildenafilـه‌ و له‌ ژێر ناوی بارزگانی ڤیاگرا فرۆشراوه‌، سه‌ره‌تاش بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و گوشاری خوێن و سینگه‌كوژێ به‌رهه‌مهێنرا، به‌ڵام دواتر له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ركه‌وت چاره‌سه‌ری لاوازی سێكسی پیاوانیش ده‌كات.‌

ڤیاگرا هاوكاره‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی خێرای خوێن له‌ هه‌موو جه‌سته‌ی مرۆڤ و سووڕی خوێن خێرا ده‌كات، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ ئه‌و په‌رستاره‌ له‌و دۆخه‌ رزگاری بێت.

K24

ھەواڵی زیاتر