بەدەل بەرواری: گەڕامەوە سەر پیشەی مامۆستایەتیم و هیچ کێشەم نییە

مامۆستا بەدەل بەرواری و سێ لەو هاونیشتمانیانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە زیندان بوون و ئازادکران بە بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردە چوونەوە سەر کارەکانی پێشووی خۆیان؛ بەدەل بەرواری لەوبارەوە رایگەیاند، “گەڕامەوە سەر کارەکەم و ئێستا هیچ کێشەم نییە”.

هاوکات عومەر عەلی تەها، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک رۆژی دووشەممە 03-01-2022 رایگەیاند، “بڕیارەکە لە وەزارەتی پەروەردەوە هاتووە و ئێمەش نووسراومان بۆ پەروەردەکانی زاخۆ، دهۆک، رۆژئاوا و ئاکرێ کردووە بۆ دەستبەکاربوونەوەی سێ مامۆستا و فەرمانبەرێک”.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک لە نووسراوێکدا، کە واژۆی عومەر تەها، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە، بڕیاریداوە هەریەک لە بەدەل عەبدولباقی ئەبابەکر بە ناونیشانی مامۆستای بنەڕەتی؛ فرسەت ئەحمەد سەعید، فەرمانبەر؛ سلێمان مووسا ئەحمەد، مامۆستای بنەڕەتی و جەمال خەلیل مەجید، مامۆستای ئامادەیی دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

بەدەل بەرواری، مامۆستا لە قوتابخانەی بەهدینان لە گەڕەکی شێلێی شاری دهۆک، ڕایگەیاند، “هیچ کێشەم نەماوە و وەکو مامۆستا گەڕاومەتەوە سەر کارەکەم”.

بەدەل بەرواری دەڵێت، “لە ماوەی مانەوەم لە زیندان تەنیا کارەکەم راگیرابوو، مووچەی بنەڕەتیم لە زیندان بۆ دەهات؛ زۆر هاوکاری کرام بۆ گەڕانەوەی کارەکەم، بە تایبەت بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک”.

رووداو

ھەواڵی زیاتر