سەربازی تورکیا دوو گەنجی کورد لە سیدەکان دەستگیر دەکەن

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ڕایگەیاند، دوو گەنجی دانیشتووی گوندی دایلانی سیدەکان لە پشت گوندەکەیان نزیک بنکەیەکی سەربازیی تورکیا بوونەتەوە و سەربازانی تورکیاش هەردووکیانی دەستبەسەرکردووە.

ئەمڕۆ شەممە 1-1-2022 ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان رایگەیاند، “شەوی پێنج شەممە 30-12-2021 دوو گەنج بە ناوەکانی حەیفی خەلیل تەمەن 20 ساڵ و زێدان نەبی تەمەن 19 ساڵان کە دانیشتووی گوندی دایلانی شارۆچکەی سیدەکانن، نزیک بارەگایەکی سەربازیی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە لایەن سەربازانەوە دەستگیرکراون.”

ئیحسان چەلەبی وتی، لە رێگەی پاسەوانی سنووری عێراقەوە بەدواداچوون کراوە و روونبووەتەوە کە دوو گەنجەکە لای سەربازەکانی سوپای تورکیا دەستبەسەرن. 

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان وتی، سەربازانی قەڵاکە بە پاسەوانی سنووریان گوتووە کە دەیانەوێت هۆکاری نزیکبوونەوەی ئەو دوو گەنجە لە بنکە سەربازییەکەیان بزانن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

ساڵی 2019 سوپای توکیا لە سنووری برادۆستەوە خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاند و ژمارەیەک بنکەی سەربازیشی لە بەرزاییەکانی ناوچەکە دروستکردووە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر