مەکتەبی سیاسیی پارتی بەڵێنێک بە خەڵکی کوردستان دەدات

بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینیەوە، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی راگه‌یاند و داوای یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی كرده‌وه‌، له‌پێناو جێبجێكردنی مادده‌ی 140 و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ده‌قی په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:  

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زایینی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەین، پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و، لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگران و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان و گەلە خۆڕاگرەکەمان دەکەین.

هەلومەرجی سیاسی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی، بۆیە لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر یەکڕیزی و یەکگوتاری حزب و هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشداریکردن و کارکردن لەسەر کارنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی و داھاتووی عێراق، کە ئەجێندایەکی روون و تێروتەسەل لەخۆ بگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و مەسەلە هەڵواسراوە درێژخایەنەکان، بەجۆرێك كه‌ لە خزمەتی خواست و مافە رەواکانی گەلەکەمان بێت، لەوانەش جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور و دابینکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و پێداویستییەکانی ھێزی پێشمەرگە و، چەسپاندنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە پێی ئیستیحقاقی دەستووریی.

بەبۆنەی سەری ساڵی (2022)ی زایینیەوە، جارێکی دیکە بەڵێن نوێ دەکەینەوە، کە وەك هەمیشە لە ئاست خواست و ویستی گەلە خۆراگر و سەربەرزەکەمان دابین و سووربین لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری و ئاسوودەیی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و فرەڕەنگیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئەو قەوارەیە و دەسکەوتەکانمان.

هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفت و دەردەسەرییەکان بێت.. ساڵێکی بە هات و هیوابەخش بێت بۆ گەلەکەمان و هەموو لایەك لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی و پەتای کۆرۆنا و نەخۆشی بەدوور بن.

مەکتەبی سیاسی

 پارتی دیموکراتی کوردستان

31ـی کانوونی یەکەمی 2021

ھەواڵی زیاتر