پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زایینی 2022
بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی2022،گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و گشت هاونیشتمانییانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەزری شەهیدان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، هەڵگری خێر و خۆشی و ساڵی کامەرانیی و خۆشگوزەرانی و کۆتاییهاتنی هەموو ناخۆشی و قەیران و نەهامەتییەک بێت .
ساڵی ڕابردوو، سەرەڕای چەندین گرفتی دارایی و ئاستەنگی دروستکراو،حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لە پێناو زاڵبوون بە سەر کۆسپ و بەربەستەکان و درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی، هەروەها بە هەماهەنگیی و هاوکاری لە گەڵ کەرتی تایبەتیش، چەندین پڕۆژەی گرنگی لە بواری بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام دا. هیوادارین بە هاوکاری هەموو لایەک، لە ساڵی نوێشدا، بتوانین بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین و پڕۆژی نوێ بەگەڕ بخەین. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان بکەم کە تێگەیشتنیان بۆ دۆخی سەختی دارایی هەبوو، هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ڕۆژە سەختەکان و بەردەوامبوونی کاروانی پێشکەوتنی کوردستان بێت.
هەروەها بە داخەوە لە ساڵی ڕابردوودا، چەندین کارەساتی سروشتی و ڕووداوی نەخوازراویش ڕوویاندا کە زیانی گیانی و ماددیان لێکەوتەوە، چەندین پێشمەرگەی قارەمانیش، لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەرگریکردن لە خاکی کوردستاندا شەهید بوون. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی هەموویان دەکەینەوە و هەمیشە لە یادمانن.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆزبێت و کوردستانیش هەمیشە ئاوەدانتر و بەھێزتر بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان