قاچێکی پڵنگەکە بە تەواوی بڕاوەتەوە

ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە پڵنگەکەی گوندی زریزە؛

وەك ئاشكرایە لە ماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا پڵنگێك بووە باس و خواسی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، كە بەهۆی نانەوەی تەڵەی ئاسنین لەلایەن موختاری گوندی زریزەوە بە مەبەستی كوشتنی ئەو گیانەوەرەی كە مەڕو بزنەكانی خواردبوو، بە بیانووی ئەوەی گوایە ٢٥ سەر ئاژەڵی خوراوە، بەبێ ئەوەی لە میدیاكانەوە باس كرابێت كە لە ماوەی چەن ڕۆژ یان هەفتە و مانگ و ساڵێكدا ٢٥ سەر ئاژەڵی خوراون.

دیارە بەهۆی نەشارەزایی و نەبوونی هۆشیاری پێویست سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵە كردن لەگەڵ وەها ڕووداوێكدا لەلایەن دەزگا فەرمیەكانی حكومەتەوە، نەتوانرا بە شێوەیەكی دروست و گونجاو مامەڵە بكرێت بەبێ نانەوەی پشێوی و ئاڵۆزی و لە هەمووی گرنگتریش ڕێگریكردن لە مەترسی بۆسەر ژیانی خەڵك و پڵنگەكەیش وەك سامانێكی بە نرخی نەتەوەیی.

بەداخەوە، لە دوای ٤ ڕۆژ لە دۆزینەوەی پڵنگەكەو مانەوەی تەڵە ئاسنینەكە بە قاچی پڵنگەكەوە، قاچی پڵنگەكە بە تەواوی بڕاوەتەوەو دۆخی تەندروستیشی بەهۆی كاریگەری برینەكەیەوە زۆر خراپە.

لە ئێستادا پڵنگەكە براوەتە باخچەی ئاژەڵانی دهۆك و لەلایەن دكتۆر سلێمان تەمر چارەسەری بۆ دەكرێت.

بەداخەوە بەهۆی بڕینەوەی قاچی و گەورەیی تەمەنی پڵنگەكەوە ئەگەری بەرەڵاكردنەوەی زۆر كەمەو ڕەنگە وا پێویست بكات تا كۆتایی تەمەنی لەژێر چاودێریدا بمێنێتەوە.

زانیاریە سەرەتاییەكان ئەوە نیشان دەدەن كە پڵنگەكە تەمەنی زۆر بووەو ئەمەیش هۆكارێك بووە كە لە گوندەكان نزیك بێتەوەو ئاژەڵی ماڵی بخوات. چونكە زۆرێك لە گۆشت خۆرەكان كە ئەگەنە تەمەنێكی گەورەو توانای ڕاوكردنی گیانەوەری كێوییان نامێنێت وەكو جاران، بە ناچاری پەنا ئەبەنە بەر ئاژەڵی ماڵی، چونكە بە ئاسانتر ڕاوئەكرێن.

بەو هیوایەی ئەم ڕووداوە ببێتە وانەیەك و لێوەی فێربین كە:

١. لەكاتی خواردنی ئاژەڵی ماڵیدا پێویستە شوێنی مانەوەی ئاژەڵەكانمان توندوتۆڵ بكەین و ڕێگایەك نەهێڵینەوە كە پڵنگ و گیانەوەری تر بە ئاسانی بچنە ناو ماڵاتەكەمانەوە. پێویستە بەرزی دیوارەكان لە ٣م بەرزتر بێت چونكە پڵنگ توانای بازدانی ستوونی ٣ مەترە. یان باشترە سەقفی هەبێت.

٢. بەكارهێنانی تەڵەی ئاسنین بەپێی یاساو ڕێنماییەكان قەدەغەیەو هەر خاوەن ئاژەڵێك ئەم تەڵەیە بۆ گیانەوەری كێوی دابنێت، دەبێت بەپێی یاساو ڕێنماییەكان فەرمانگەی ژینگەو پۆلیسی دارستان و هێزی پێشمەرگەی دارستان لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكەن.

٣. پێویستە ئامار و سەرژمێری ئاژەڵەكان پێش و پاش دیار نەمانیان لەبەردەستدا بێت تاكو هەر كەسێك هەستاو ڕقەم لێ نەدات بۆ ئەوەی بیانوو بدات بە دەستەوە كە پڵنگێك بكوژێت.

لەبەرئەوەی پڵنگ گیانەوەرێكی ئەوەندە دەگمەنەو سەرمایەیەكی ئەوەندە گرنگە كە پێویستە حكومەت مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ كەیسی پڵنگدا بكات.

لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە حكومەت پلانی قەرەبووكردنەوەی هەبێت و بەپێی یاسا ڕێگا نەدات كە خاوەن ماڵاتەكان لەخۆیانەوەو بەبێ ئاگای حكومەت بەدوای گیانەوەرەكەدا بگەڕێن و تەڵە نەنێنەوە.

٤. پێویستە لەكاتی وەها ڕووداوێكدا حكومەت ئامادەكاری تەوای كردبێت. پێویستە ڕێگا نەدرێت خەڵكی ئاسایی نزیكی شوێنی ڕووداوەكە ببنەوە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان و بۆ ئەوەیش كە ئەوەنەی تر سترێس تووشی پڵنگەكە نەكەن كە ببێتەهۆی پەلاماردانیان.

دەبێت تەنها ئەو كەسە نزیك ببێتەوە كە كاری بێهۆش كردنە

٥. دەبێت حكومەت ڕێگانەدات هیچ كەس و
لایەنێك كە پرۆفێشناڵ نین، دەسوەردان لە كارەكاندا بكەن و خۆیان بكەن بە بەتەڵی ساحە، وەكو لەم حاڵەتەیا بینیمان.

٦. دەبێت حكومەت بەهیچ شێوەیەك ڕێگەنەدات بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكان كە نزیك ببنەوە لە شوێنی ڕووداوەكە بۆ ئەوەی نەبنەهۆی بڵاوكردنەوەی زانیاری هەڵەو نانەوەی پشێوی و نائارامی لەناو خەڵكدا.

هانا ڕەزا
بەڕێوەبەری پرۆژەی پاراستنی پڵنگی كوردستان
ڕێكخراوی سروشتی عێراق

ھەواڵی زیاتر