لە هەولێر دووکاندارێک دەستدرێژی دەکاتە سەر چەند منداڵێک

پارێزەرێک  رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر “دووکاندارێک دەستدرێژی کردووەتەسەر چەند منداڵێکی کچ کە تەمەنی یەکێکیان 9 ساڵ بووە” و دەڵێت “تەنیا یەک کەس سکاڵای تۆمارکردووە و کەسوکاری کچە تەمەن 9 ساڵەکە نایانەوێت بابەتەکە بڵاوببێتەوە.”

رووداوەکە نزیکەی 20 رۆژ بەر لە ئێستا روویداوە. سیامەند عەبدوڵڵا، پارێزەر لە هەولێر رایگەیاند “نزیکەی سێ هەفتە بەر لە ئێستا باوکی کچێک لەو رووداوە ئاگاداری کردمەوە، بەڵام پێی باش نەبوو بابەتەکە بچێتە دادگە، تەنیا وەک ئاگادارکردنەوەیەک و هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە هەمان رووداویان بەرامبەر منداڵەکانیان نەکرێت.”

بەگوتەی ئەو پارێزەرە منداڵەکە تەمەنی 9 ساڵە و “چەند جارێک بەگوتەی باوکی لەلایەن دووکاندارێکی لای ماڵی خۆیانەوە دەستدرێژی کراوەتەسەر، رووداوەکەش کاتێک ئاشکرابووە کە هاوڕێیەکی منداڵەکە کە چەند ساڵێک لە خۆی گەورەترە بە باوک و دایکی کچەکەی گوتووە و ئەوانی لەو رووداوە ئاگادارکردووەتەوە.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوە دەدات کە جگە لەو کچە تەمەن 9 ساڵە، ئەو دووکاندارە دەستدرێژی کردووەتەسەر چەند منداڵێکی دیکە “بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا یەک خێزان سکاڵایان دژی ئەو دووکاندارە تۆمارکردووە.”

ئەو پارێزەرە هۆشداریی دەداتە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵیان هەیە و دەڵێت تکایە رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:

– منداڵ دەبێت فێربکرێت بۆ دانیشتن نەچێتە کۆشی هیچ کەسێک.

– کاتێک کەسێک بانگی دەکات یان شتێکی پێدەرێت فێربکرێت و پرس بە دایك و باوکی بکات بۆ رۆیشتن.

– لەکاتی سەردانیکردن و چوونە شوێنێك هەوڵبدە دایمە مناڵەکەت لەبەرچاو بێت و لێتەوە نزیک بێت.

– زیاتر ئاگاداری هەڵسوکەوتی منداڵەکەت بە، دڵنیابەرەوە لەوەی منداڵەکەت هاوڕێیەتی کێ دەکات و رێگری بکە لەوەی مناڵەکەت لەگەڵ کەسێکی زۆر لە خۆی گەورەتر هاوڕێیەتی بکات.

– مناڵەکەت بە تەنیا مەنێرە بۆ بازاڕکردن و شت کڕین.

– مناڵەکەت رابێنە لەسەر ئەوەی هەموو قسەیەکت لەلا باس بکات. جیاوزی نییە لە نێوان کوڕ و کچ لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە.

“دەستدرێژی کراوەتەسەر کوڕێکی 13 ساڵ و بە پارە و مۆبایل هەڵخەڵەتێنراوە”

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە رووداوی هاوشێوەی کەیسی ئەو منداڵە 9 ساڵە زۆرن، تەنانەت ئەم کارانە رووبەڕووی کوڕانیش بووەتەوە و دەشڵێت ” لە سنووری بنەسڵاوەی هەولێر مێردمنداڵێکی 13 ساڵ لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خۆیەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر، دواتر هەر هاوڕێکانی بە کڕینی مۆبایل و پێدانی پارە هەڵیان خەڵەتاندووە و چەند جارێکی دیکە ئەو کارەیان لەگەڵ کردووە.”

سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەو بابەتە ئاشکرا کراوە، ئەو پارێزەرە دەڵێت “دایکی منداڵەکە لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانەوە [مێسنجەر] بە رووداوەکەی زانیوە و دواتر ئێمە و لایەنی پەیوەندیداری لەو رووداوە ئاگادار کردووەتەوە.”

“کوڕێک دەستدرێژی دەکاتە سەر کچە ئامۆزاکەی”

ئەو پارێزەرە باسی لە رووداوێکی دیکەی کرد کە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی 6 ساڵ لەلایەن ئامۆزاکەی خۆیەوە و دەڵێت ” هەر لە سنووری پارێزگای هەولێر کچێکی شەش ساڵ لەلایەن کوڕە ئامۆزاکەی خۆیەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و ئێستا ئەو بابەتە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و کەیسەکە لە دادگەیە.”

سزای ئەو تاوانە چییە؟

یاسادانەر تاوانی دەستدرێژیکردنی سێکسی بەتاوانی گەوره داناوە و سزاکەی بەندکردنی هەتا هەتایی یە یان کاتییە. ئەو پارێزەرە دەڵێت: ئەم حاڵەتانەی خوارەوە سزای تاوانبار قورستر دەکات:

– ئەگەر هاتوو تاوانلێکراو تەمەنی 18 ساڵی تەواونەکردبوو.

– ئەگەر تاوانبار راسپێردرابێت بۆ پەروەردەکردنی تاوانلێکراو یان چاودێری یان خزمەتکاری تاوانلێکراو بێت.

– ئەگەر تاوانبار فەرمانبەر یان پیاوی ئایینی یان پزیشک بێت و پیشە و متمانەپێکردنی بەکارهێنابێت بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە.

– ئەگەر دووکەس یان زیاتر بە شداریانکرد لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە.

– ئەگەر تاوانلێکراو لە ئەنجامی ئەم تاوانە تووشی نەخۆشیەکی زاوزێ بووبێت.

– ئەگەر تاوانلێکراو سكپڕ بوو یان پەردەی کچێنی لەدەستدا.

– ئەگەر تاوانەکەبووە هۆی مردنی تاوانلێکراو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو پارێزە گوتیشێ “ئەم7 حاڵەتە باسمانکرد دادگە بۆی هەیە سزای بەندکردنی هەتا هەتایی بەسەر تاوانبار بسەپێنێت. سزاکە دەبێتە (سێدارە) ئەگەر هاتوو تاوانلێکراو خزمی تاوانبار بێت تا پلەی سێیەم بێت و 18 ساڵی تەواو نەکردبێت.”

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر