سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای چوارچێوه‌ی هاوئاھه‌نگیی شیعه‌ ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 22ی كانوونی یه‌كه‌م، له‌ سه‌ڵاحه‌دین سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای چوارچێوه‌ی هاوئاھه‌نگی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نووری مالیكی كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌رئه‌نجامه‌كانی ھه‌ڵبژاردنی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دوا پێشھاته‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، تاوتوێ كران.

ھه‌ر له‌و دیداره‌دا ڕۆشنایی خرایه‌ سه‌ر پێویستیی پێداچوونه‌وه‌ به‌ حوكمڕانیی عێراق و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو، ڕه‌چاوكردنی پڕه‌نسیپه‌كانی هاوبه‌شی و سازان و ھاوسه‌نگی له‌ پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا.

له‌ به‌شێكی تری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، بیروڕا له‌باره‌ی ته‌حه‌دیاتی به‌رده‌م ئاینده‌ی عێراق و بابه‌تی خزمه‌تگوزاری و ھه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر، كێشه‌ی ژینگه‌ و كه‌مئاوی و داواكاریی ھاووڵاتییان، ئاڵوگۆڕ كران و دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ھه‌وڵه‌كان بۆ له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونی لایه‌نه‌كان و ئیستحقاقی پێكھاته‌كان كرایه‌وه‌، له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دیاتی به‌رده‌م پێكھێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق.

ھەواڵی زیاتر