روونکردنەوەیەک لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی

نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانەوە ڕونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە لەسەر داواكاری پاڤڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبونەوەی پەڕلەمانی كوردستان دواخراوە بۆ ئەوەی لەماوەی 24كاتژمێری داهاتوودا بەبێ مەرج كۆبونەوەی پەڕلەمان ئەنجام بدرێت.

دەقی ڕونكردنەوەك

پەیوەست بە ئەو کێشانەی کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە.
راستیی بابەتەکە بەو شێوەیە کە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بافڵ تالەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاووتوێ کرا و بەڕێز بافڵ تالەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کرد بەبێ ھیچ مەرجێک، تاکو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێکی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرکردایەتیی ھەردوولا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 کاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێک و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بەو ھیوایەی کە گشت لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بابەتانە بکەن و بە ئاراستەی چارسەر ، ھەواڵ و لێکدانەوەکان بگوازنەوە.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

2020/7/26

ھەواڵی زیاتر