وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ سوپای عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت تاوەکو بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.12.2021 وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ سوپای عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە ” لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣ و ٥ ) پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی( ٩ و ١٧) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی ٧٠ بەشداریی تێدا دەکەن”.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت تاوەکو بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت ” ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی، لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنانە دێ، کە پێشتر کراون”.