بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە داخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە قەرەسالم لە سنووری ناوچەی پردێ، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆرستییە دەکەم و خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم رۆحی شەھیدەکان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبر و ئارامی بە کەسوکاریان بدات، ھیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
جەختیش لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەکانمان لە تیرۆرستان بکرێتەوە. بەھۆی زۆربوونی جموجووڵ و پەلامارەکانی تیرۆریستان لەم دواییانە پێویستە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش.
ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی شەڕی داعش و ھەموو شەھیدانی رێگەی ئازادیی کوردستان
مسعود بارزانی
6ـی کانوونی یەکەمی 2021