بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بۆ بوون بەسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، بەدوای میکانیزمێکی نوێ دەگەڕێت، ئەوەش دوای شکستی لەئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکەی.
بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی، کە ئێستا هاوسەرۆکی یەکێتییەو تەواوی دەسەڵاتەکانی حیزبەکەی لایە، کەسە نزیکەکانی لەمەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتی راسپاردووە، بۆ ئەوەی میکانیزمێکی نوێی پەیڕەوی بدۆزنەوە، تا لەو رێگەیەوە بکرێتە سەرۆکی یەکێتی.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی دوای شکستی ئەو هەوڵانەیە، کە لەمانگی رابردوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی درا، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ ئەنجامبوون.
مانگی رابردوو چەند جارێک هەوڵدرا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت، بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیە بەدەنگی زۆرینەی سەرکردایەتی، بڕیاری “دەرکردن”ی لاهور شێخ جەنگیو چەند ئەندامێکی تری سەرکردایەتی یەکێتی لەحیزبەکە پەسەند بکرێتو بافڵ تاڵەبانیش بکرێتە سەرۆکی یەکێتی.
بافڵ تاڵەبانی لەدووی تشرینی دووەم بە بڕیارێک، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیو سێ ئەندامی تری سەرکردایەتی حیزبەکەی (ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەمەد، شادومان مەلا حەسەن)، لە یەکێتی “دەرکرد”، ئەمە جگە لە بڕیاری سرکردنی ئاراس شێخ جەنگی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ماوەی شەش مانگ.
لەدوای ئەو بڕیارانە، بافڵ تاڵەبانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راسپارد بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێک لەسەرکردایەتی حیزبەکە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە، هەوڵەکان بێ ئەنجامبوون.
زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، کە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت ئێستا لەدەرەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیو بەمیکانیزمێکی نوێ ئەو بەرنامەی جێبەجێبکات، ئەویش ناساندنێتی وەک سەرۆک یان سکرتێری یەکێتیو چوارچێوەیەکی پەیڕەویشی پێبدات.
بڕیاری “دەرکردن”ی لاهور شێخ جەنگیو چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەحیزبەکە، پەیوەندی بەو کێشانەوە هەیە، کە لەمانگی حەوتی رابردووەوە لەلانێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هەیە.
ژێدەر
بوار نیوز