سەرۆک بارزانی: تۆلەی شەهیدان دەکرێتەوە

دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی رەوەندی كوردی لە هەولێر

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم، بەخێربێن سەرچاوان
ئەندامانی كۆنگرە، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەم كە بڕیارتان دا كۆنگرەكەتان لە هەولێری پایتەختی كوردستان، هەولێری دوژمن بەزێن ببەستن. هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت و ئامانجەكەی بپێكێت كە مەبەست ئەوەیە رەوەندی كوردستانی لە دەرەوە رێك بخرێت و ئەركەكان دیاری بكرێن و هەموو پێكەوە هەوڵ بدەن خزمەتی گەلەكەتان بكەن.
خوشك و برایانی بەڕێز
ئێمە رەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە سامانێكی نەتەوەیی زۆر زۆر گرنگ دەزانین، ئێوە دەتوانن رۆڵێكی زۆر زۆر گەورە ببینن لە پشتگیری میللەتەكەتان. ئێوە دەتوانن خۆتان رێك بخەن و لۆبییەكی بەهێز دروست بكەن و لە هەموو بوارێكدا ڕۆڵێكی سەرەكی ببینن بۆ پشتیوانیی دۆزی گەلەكەتان.
خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە خەباتێكی رەوا و ئاشتییانە بووە و قەت گەلی كوردستان بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار كرابێت بەرگری لە خۆی كردووە و بەرگریكردنیش مافێكی ڕەوایە. بەرگریكردنی گەلی ئێمە بەرگری كردن بووە لە مان و نەمان.
قەت رۆژێك لە ڕۆژان كورد نەچۆتە سەر خاكی كەسیتر و تەعەدای لە كەس نەكردووە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و لەمەودواش ئامادە دەبێت بەرگری لە مان و نەمانی خۆی بكات.

ئێمە ئومێدەوارین و داواكارین كە دۆزی گەلی كورد لە هەموو پارچەكان بە شێوەیەكی ئاشتی و دیموكراسی چارەسەر بكرێت. شەڕ چارەسەر نییە نە بۆ كێشەی گەلی ئێمە و نە بۆ كێشەی هیچ گەلێكی تر، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە لێرەدا، ئێمە وەكوو كورد و كوردستانی، دەبێ زۆر زۆر وریا بین خیلاف لەگەڵ ڕژێمەكان نابێ ببێتە دوژمنایەتی لەگەڵ گەلان.
كوردستان نموونەیەكی جوانە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەمیشە گەلی كوردستان شانازی بەوە كردووە كە ئەم فەرهەنگە زۆر زۆر كۆنە و دەبێ ئەو فەرهەنگە بپارێزرێ، دونیاش بزانێت كە كوردستان وڵاتی پێكەوە ژیانە، هەمیشە ئامانجی گەلی ئێمە ئەوە بووە كە بەرگری و پاراستنی مافی پێكهاتەكان، بەردەوامیش خەبات بۆ ئەوە دەكات.
خوشك و بارایانی بەڕێز
هیوادارم ئەم خاڵانە لەبەرچاوی ئێوە بێت:
١- رەوەندی كوردی كارێكی جددی بكات بۆ خۆڕێكخستن و كۆكردنەوەی هەموو دڵسۆز و وڵاتپارێزان
٢- رێزگرتن لە یاسا و ڕێسای ئەو ولاتانەی تێیدا دەژین و خۆتان بەدوور بگرن لە هەر كارێكی ناڕاست و دژی یاسا
٣- گەنجانی خۆتان هان بدەن بۆ خویندن و خۆپێگەیاندن و پەروەردەی منداڵان بە دیرۆك و زمان و گەلی خۆتان لەبیر نەكەن.
٤- دروستكردنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هەموو رەوەندی نەتەوەكانی دیكە كە لەو وڵاتانەدا لەگەڵتاندان.
٥- هەولدانێكی جددی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دۆست بۆ دۆزی گەلی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئێوە بكات بۆ ناساندنی جینۆساید و هەموو ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، چونكە پێویستە پەرلەمان و خەڵكی ئەو ولاتانە فشار لە دەوڵەتی خۆیان بكەن تاوەكوو ئەو مافە بۆ گەلی كوردستان بناسرێ، چونكە زۆر هەوڵ لەگەڵ حكوومەتەكان دراوە، بەداخەوە تا ئێستا بەدەنگەوەهاتن نەبووە، پێویستە فشاری پەرلەمان و خەڵكی ئەو وڵاتانە هەبێت و ئێوە دەتوانن ڕۆڵێكی زۆر سەرەكی ببینن.
٦- پشتیوانیكردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە هێشتا مەترسیی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.
بەداخەوە پێش چەند ڕۆژێك لە ناوچەی گەرمیان و دوێنێ لە مەخموور تیرۆریستان چەندین هاووڵاتی و پێشمەرگەیان شەهید كردووە، ئەمە ئەو حەقیقەتە پیشان دەدات كە هێشتا مەترسیی گەورە لەسەر هەرێم هەیە. من لێرە هەموو خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە تۆڵەی شەهیدان دەكرێتەوە و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت.
لە كۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدان، شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و رزگاری، جارێكیتر هەموان بەخێر بێن. هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەتان دەخوازم و چاوەڕێیەكی گەورەمان بۆ هەوڵی ئێوە هەیە. دڵنیا بن ئەوەی لە دەستمان بێت ئێمە پشتیوانی ئێوە دەبین.
بەخێربێن سەرچاوان.

ھەواڵی زیاتر