هۆشدارییەکی بەپەلە لە بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی و هاوڕێکانی

وەک هەموو لایەک ئاگادارن، ماوەی (٤) چوار رۆژ بەسەر تاوانی بەناهەق شەهید کردنی رۆڵەکانماندا تێپەر دەبێت و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کرداریی نیە بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لە داڕشتنی پیلانەکە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەداهەیە، کە ئەمەش ئێمەی نیگەران و توڕەتر کردوە.

ئێمە بە سەرسوڕمانەوە دەروانینە ئەو لێدوانەی کە باس لە پێکهێنانی لیژنە دەکات، لە کاتێکدا خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری کات و ساتی تیرۆر کردنەکەن و دەزانن کە هێزێکی هاوبەشی ( دوو دەزگای ئەمنی ) فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و رۆڵەکانی ئێمەیان لەناو سەنتەری شاری ڕانیە و بە بەرچاوی هاوڵاتیانی شارەکەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهیدکرد.

هەربۆیە بە تووندی پێکهێنانی لیژنە بۆ شەهیدکردنی رۆڵەکانمان رەتدەکەینەوە و داوادەکەین دەستبەجێ تاوانباران رادەستی یاسا بکەن و دانبنێن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە قێزەونە و لە دادگایەکی عادیلانە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

بەپێچەوانەوە بۆ جارێکیتر ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە ئاست ئەم تاوان و غەدرە گەورەیە بێدەنگ نابین و رێگە نادەین خوێنی بە ناهەق رژاوی رۆڵەکانمان بە فیرۆ بروات و هەڵوێستی توندمان دەبێت، چونکە ئێمە دوای لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بۆمان دەرکەوتوە کە پیلانی تیرۆرکردنەکە چۆن ئامادەکاری بۆ کراوە و کەی بڕیارەکە دراوە و چۆن جێبەجێکراوە و چەند کەس بەشداری تێداکردوە ( کە لێرەدا بە پێویستی نازاینن ووردەکارییەکەی بڵاو بکەینەوە و هەڵیدەگرین بۆ کاتی خۆی )، هەر بۆیە ئەگەر هیچ هەنگاوێکی کرداریمان نەبینی، تەواوی زانیارییەکان و ناوی کەسەکان بۆ رایگشتی بڵاو دەکەینەوە، دواتریش چاوەرێیی پەرچەکرداربن کە بە مافێکی شەرعی خۆشمانی دەزانین بۆ هەر هەنگاوێک کە یاسا لەم کەیسەدا فەرامۆش بکرێت و هەوڵی دیزە بەدەرخۆنەکردنیشی بدرێت.

هیوادارین لە توڕەیی و دڵگەرمی ئێمە تێبگەن و بزانن کە چ کارەساتێکتان خوڵقاندوە، چۆن بنەماڵەی خاوەن دەیان شەهیدی یەکێتیتان خەڵتانی خوێنکردوە و شەهید مورادتان چۆن بە برینداری رفاند و بە نامەردی و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهیدتانکرد، بزانن کە یەکێتیەکان چەند توڕەو و بێزارن لە حزبەکەیان و هەمووان چاوەڕێیی بڕیارێکی راست و دروستن بۆ بە سزاگەیاندنی تاوان باران.

لەگەڵ ڕێزدا

بنەماڵەی شەهید موراد کانی کوردەیی
بنەماڵەی شەهید خۆشناو وەیسی
بنەماڵەی شەهید هاوکار نازم
بنەماڵەی شەهید سەرکار فاخیر

ھەواڵی زیاتر