شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت و خێرایی با زیاد دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “پێشبینی دەکرێت لە سبەی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان بکەوێت ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک، بارستە هەوایەکی ساردی لەگەڵ دەبێت، لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان بارانبارین دەست پێدەکات، نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆک باران دەبارێت و ئێوارە پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە”.

گوتیشی: “لەگەڵ هاتنی ئەو بارستە هەوای ساردە خێرایی با زیاد دەکات، لە هەندێک ناوچە خێرایی لە یەک کاتژمێردا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر دەبێت”.

فازڵ ئیبراهیم، راشیگەیاند: “لە هەندێک ناوچەی شاخاوی پێشبینی بەفربارین دەکرێت، لە 5 تا 15 سانتیم بەفر دەبارێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەی بارانبارین تا رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت، رۆژی هەینی سەقامگیری بەخۆییەوە دەبینێت”.

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: “پلەی گەرما بەرادەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بەتایبەتی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرمی بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی دابەزێت”.

ھەواڵی زیاتر