ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی و ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکان بارودۆخی سلێمانی، گرژییە ئەمنییەکان و دۆخی یەکێتی تاوتوێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، بابەتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت.
دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە رۆژی 4ـی تشرینی دووەم بوو. رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەش میدیای یەکێتی بەفەرمی بڵاویان کردەوە کە مەکتەبی سیاسی بە کۆی دەنگ بڕیارەکانی بافڵ جلال تاڵەبانی پەسندکردووە کە تایبەت بوو بە دەرکردنی هەریەك لە ( لاهوور جەنگی بورهان، ژینۆ محەممەد، شادمان مەلا حەسەن و ئاڵا تاڵەبانی ). هەروەها هەڵپەساردنی ئەندامێتیی ئاراس جەنگی بورهان بۆ ماوەی شەش مانگ. بڕیارێک کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردنەوە.
بڕیارە بەشێکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە لە دەباشان دەکرێت، تایبەت دەکرێت بە پرسە نێوخۆییەکانی یەکێتی لەوانە پرسی ژەهرخواردکردنی بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی و باسکردن لە دیاریکردنی کاتێک بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، لەگەڵ ئەنجامی سەردانەکەی رۆژی دووشەممە 15-11-2021ی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ لای سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام و گفتوگۆکردن لەبارەی چەند پرسێکەوە.
رۆژی 8ی تەممووز ناکۆکیی نێوان هاوسەرۆکانی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان گەیشتنە لووتکە، کاتێک بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بڕیاری گۆڕینی بەرپرسانی دەزگای دژەتیرۆر و زانیاریی دا. دواتر لە رۆژی 15ی تەممووز لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک لە لاهوور شێخ جەنگی وەرگیرانەوە. بافڵ تاڵەبانی لە رۆژی 6ـی تشرینی دووەم بە پەیامنێری رووداوی گوت، لاهوور شێخ جەنگی و سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی “دەرکراون.”
دوایین پێشهات لەبارەی دۆخی سلێمانی و ناوچەکە کوشتنی فەرماندەیەکی سەربازیی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگییە بەناوی موراد کانی کوردەیی لە رانیە کە بنەماڵەکەی لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەیان کرد و ئاماژەیان بەوە کرد، ئەگەر بکوژانی دەستگیرنەکرێن، “وەڵامی تووندیان” دەبێت.
رووداو