لاهور جەنگی پەیامێکی بڵاو کردەوە

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان،
جەماوەری بە شەرەفی کوردستان،
شاری ڕانیەی کوانووی ڕاپەڕین،
شاری هەڵمەت و قوربانیی بەهێزی سەربازی تەندراو،
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان،

نەوەکانی پێش ئێمە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ ئەوە دامەزراند کە ستەمی سیاسی لەسەر گەلی کورد لە کوردستاندا نەمێنێت، کەچی ئێستا ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە ڕەهەندی سیاسی و ئابوورییەوە لە پێناو ئەجندای ئیقلیمی ئەوەندە زەلیل کراوە، زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان خۆزگە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرەکانی پێشوو دەخوازن. وابڕیار بوو مانفێستی سۆشیال دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکەین لە کوردستان، کەچی لەبری ئەو مانفێستە بەرنامەی تیرۆر و تیرۆرکردنی خەڵکی کوردستان بووەتە ئەجندای ئەم(یەکێتییە نوێیەی) کە لەلایەن نەیارە سیاسییەکانمانەوە تەحەکومی پێوە دەکرێت.ڕۆژانە کادیرە هەرە پێشکەوتوو سەربازی و سیاسییەکانی خۆی دەستگیر و تیرۆر دەکات، باشە پێم ناڵێن لە کوێی مێژووی حزبایەتیدا لە سەرتاسەری ئەم جیهانەدا ڕوویداوە کە حزبێکی سۆشیال دیموکرات بە پیلان و پیلانگێڕی، لە پێناو ئەجندای ئیقلیمی و حزبی تردا، کادیری خۆی تیرۆر بکات کە سێ برای شەهیدی سەربەرزی یەکێتیی بن؟ وێڕای ئەوەی بنەماڵەکەشی خاوەن دەیان شەهیدن.دانبەخۆداگرتنی ئێمە لە ڕابردوودا، فشارهێنانمان بۆ هەڤاڵە سیاسی و سەربازییەکان لەناو یەکێتییدا بۆ ئەوەی هیچ جۆرە پەرچەکردارێکی سەربازی نەکەن، لە پێناو پاراستنی یەکێتیی و هەیبەتی شەهیدەکان و قیادەی سیاسی و حزبی یەکێتییەکەماندا بووە، لە پێناو ئەوەدا بووە کە سلێمانی و ڕانیە، شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان نەبن بە مەیدانی تەراتێنی سەربازی و ئەمنی، بۆ کێش؟ بۆ نەیارەکانی ئەم جوگرافیایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت ئەم دانبەخۆداگرتنە تا سەر درێژە پێبدەین و قبووڵی بکەین کە ڕۆژانە بە بەرچاومانەوە هەڤاڵانی یەکێتیی وەحشیانە تیرۆر بکرێن.

ئێمە تا ئێستاش ئێوەمان بە برا و هەڤاڵی خۆمان زانیوە، بەڵام بەداخەوە دیارە ئێمە هەڵە بووین، بۆیە دەمەوێت دڵنیابن ئێمە توانای ئەوەمان هەیە دەرگای دۆزەخ بەسەر نەیارەکانماندا بکەینەوە و لەناو ئاگرەکەیدا هەموو سیناریۆچییەکان و کودەتاچییەکان هەڵپڕوکێنین و بە تووڕەیی جەماوەری یەکێتیی و جەماوەری کوردستان بە شەرعیەتی کۆنگرە و بە شەرعیەتی جەماوەری و حەقانیەتی سیاسی ئاگر لەسەر پشتی ئەو خوێنڕێژانە بکەینەوە کە بەرنامە داڕێژەری شەهیدکردنی هەڤاڵ موراد و هاوڕێکانی بوون.لە ئێستاشدا داوا لە کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدەکان دەکەم دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ پەرچەکردارێک نەنوێنن تا ئەوکاتەی دڵنیادەبنەوە کە لێکۆڵینەوە ناکرێت و ئەنجامدەرانی ئەم کارە دەستگیر ناکرێن و یاسا لەم کەیسەدا پشتگوێ دەخرێت.بەندە وەک هاوسەرۆکی شەرعی و دەنگی یەکەمی کۆنگرە ئامۆژگاری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان دەکەم خۆیان بە دوور بگرن لەم جۆرە تاوانانە، چونکە هەر کەسێک تاوانی کوشتن و تیرۆرکردنی خەڵکی لە ئەستۆ بگرێت لە هەر پلە و پۆستێکی حزبی و حکومیدا بێت، بە تایبەت لە تیرۆرکردنەوە تێوەگلابێت ئەوا باجەکەی لە ڕووی قانونییەوە زۆر قورس دەبێت و سزاکەی مەرگی ڕاستەقینەی عەدالەت دەبێت.ڕێگە بە خۆتان مەدەن بەکار بهێنرێن و پیلانی گڵاوی نەیارانی یەکێتیی و وڵاتانی ئیقلیمتان پێ جێبەجێ بکرێت، ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ جێگەی خۆی و ڕووداوەکان بە زەبری شەرعیەتی سیاسی و پاڵپشت بە زەبری هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ناو یەکێتیی و ئیرادەی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان، پیلانی ئینقیلابچییەکان و سیناریۆی ژەهرخواردنەکان تێک دەشکێندرێت و یەکێتیی و هەڤاڵەکانی و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی حزبە ڕەسەنەکەی خۆیان لە پاشکۆیەتی و لە زەلیلی و پرۆکسیبوونی وڵاتانی ئیقلیمی و پاشکۆی حزبی قائیدی وەهمی و مەرجەعی وەهمی ڕزگار دەکەن، بەڵێنیش بە ڕۆحی شەهیدە قارەمانەکان (موراد کانی کوردەیی) و شەهیدانی هاوڕێی (خۆشناو وەیسی) و (هاوکار نازم) و شەهید (شامیل زرار)دەدەین، کە دەستی ئەو بە کرێگیراوانەی کە بونە مایەی شەهیدکردنیان، ئەیخەینە بەر زەبری مقەستی قانون و دادگایەکی عادیلانەوە.

لە هەمان کاتدا دەبێت سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی باش ئەوە بزانن کە لە ژێر تاقیکردنەوە و بەپرسیاریەتییەکی قورس و مێژوویی دان، چونکە بە بەرچاوی ئەوانەوە و بە پشتیوانیی لایەنێکی نەیار کە دەزگای حکومیشیان خستووەتە گەڕ بۆ پاڵپشتی و جێبەجێکردنی پیلانەکان و توانەوەی یەکێتیی، ئەم تاوانانە دژ بە هەڤاڵەکانیان ئەنجام دەدرێت و ئەوانیش بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە، ئەمەش بۆتە جێگەی پرسیاری جدی کادرانی یەکێتیی و گەر بەو جۆرەش بمێننەوە دەکەونە بەر نەفرەتی کادران و جەماوەری یەکێتیی، چونکە لە مێژوودا حزبەکە قۆناغی وای بەخۆیەوە نەبینیوە.جەماوەری سەربەرزی کوردستان و رۆحی شەهیدەکانیشمان دڵنیا دەکەینەوە کە وەکو کێوەکانی کوردستان ئێمە ڕادەوەستین و تەحەدا دەکەین.

هەرشاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

ھەواڵی زیاتر