وەک ئاشکرایە ئێوارەی دوێنی پێنج شەممە٢٦ی ١١ی ٢٠٢١، عەمید( موراد عەبدولرەحمان عەوڵا ) ناسراو بە ( موراد کانی کوردەیی ) و دوو لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی ( خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم ) لە کردەوەیەکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەدا و بە پیلانێکی هاوبەش و نەخشە بۆ دارێژراوی دوو دەزگای ئەمنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە شەهیدکران و پاسەوانێکیشی بەناوی ( سەرکار فاخیر ) بریندارکراوە و یەکێک لە هاورێکانیشی بەناوی ( فرسەت قادر ئەحمەد ) فرێندراوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە. لێرەوە بە رایگشتی رادەگەیەنین:-
١- ( عەمید موراد کانی کوردەیی ) پلەی سەربازیی هەبوە و بەرێوەبەری فەرمانگەی یاسایی پۆلیسی ڕاپەڕین بووە، دوێنێ دەوامی رەسمی خۆی کردوە، هەر داوا و سکاڵایەکی یاسای لەسەر بووبێت، دەکرا بەشێوەیەکی یاسایی و بە رێکار و عورفی سەربازیی ئاگادار بکرایەتەوە، هەر بۆیە هەموو ئەو تۆمەتە بێبنەما و چەواشەکارییانەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە تووندی رەت دەکەینەوە و رایدەگەیەنین ئەوتۆمەتە بۆ داپۆشینی کارە قێزەونەکەیانە و دەیانەوێت کەیسەکە بەلارێداببەن، لەکاتێکدا خوێن لە جەستەی عەمید موراد دەچۆڕا جارێکیتر بەم تۆمەتە دووجار شەهیدیان کرد و رق و توڕیی بنەماڵەکەشیان زیاتر کرد.
٢-عەمید موراد بە برینداری لە لایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە و دوای شەش کاتژمێر پەیوەندی بە کەس و کارەکەیەوە کراوە و پێیان وتوون برۆن تەرمەکەی لە پزیشکی دادی لە شاری سلێمانی وەرگرنەوە، دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و توێکاری پزیشکی، دەرکەوتوە کە عەمید موراد فیشەک بەرقاچی کەتوە و نەمردوە بەڵکو دوای قۆڵبەستکردنی بە برینداری بردویانە و دواتر لەژێر ئەشکەنجەدانێکی زۆر دڕندانە گیانی سپاردوە، بەپێی راپۆرتی زارەکی پزیشکی دادی کە لە کۆیە دووبارە بۆی ئەنجام درایەوە، دەرکەوتوە کە شوێنی لێدانی کارەبا لەسەر دڵی و شوێنی چەقۆ و برینەکانی سەر جەستەی بەتایبەت بە پشت و ملیەوە وهەڵواسینی هەردوو دەستی بە روونی دەرکەوتووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی سپاردوە.
لەلایەکیترەوە هەموو ئەو تۆمەتانەش رەتدەکەینەوە کە باس لەوە دەکرێت، کارمەندێکی ئەمنی کە ماوەی دوومانگە لە دەزگای زانیاری بە شێوەی گرێبەست کاردەکات و ( بێ ئەوەی هیچ جۆرە مەشق و راهێنانی سەربازی کردبێت و بە ئەزمونێکی کەمەوە )، لەو رووداوەدا کوژرابێت، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کراوە و پێیان وتراوە کە فیشەکی لەدەست دەرچوە و دوای برینداربونی گیانی سپاردوە، دواتر بە ئەمبوڵانسێک تەرمەکەیان ناردۆتەوە، بۆیە هەر لێرەشەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزان و خانەوادەی سەربەرز و تێکۆشەری ئەو کارمەندە دەکەین و داواش دەکەین رێگەنەدەن راستیەکانی مەرگی رۆڵەکەیان بەلارێدا ببرێت و تێکەڵ بەو پیلانە نەگریسەی دەزگای زانیاری بکرێت.
٣- هاورێیەکی عەمید موردا بەناوی ( فرسەت قادر ئەحمەد ) کە لەوکاتەدا لەگەڵیدابوە، لەلایەن چەکدارەکانەوە رفێندراوە، هەرچەندە شوێنی پەلاماردانەکە لە شوێنێکی دیاری ناو شاری رانیە بووە، بەڵام بۆ داپۆشین و شاردنەوەی راستیەکان، ئاسایش دەستبەجێ هەموو کامێراکانی ئەو ناوچەیەی هەڵگرتۆتەوە، بۆیە نازاندرێت بەرەوکوێ براوە و تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.
٤- ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانیان، کە بەخوێن پشتیوانیمان لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کردوە و دەیان شەهیدمان لە پێناو گەل و خاکی کوردستان بەخشیوەو قوربانیمانداوە، شەهیدبوونی بەناهەقی رۆڵەکانمان بەدەستی ئەنقەستی دەزگا ئەمنیەکانی حزبەکەمان بە توندی ئیدانە و شەرمەزار و رسوا دەکەین، لە هەمانکاتدا بە هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین و ئەگەر لە ماوەیەکی زۆر کەمیشدا تاوانباران دەستگیر نەکرێن و نەخرێنە قەفەسی زیندانەوە، بە پێچەوانەوە پەتی دانبەخۆداگرتنمان دەپچڕێت و وەڵامی توندمان دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دەزگای زانیاری کە دەرهەق بەرۆڵەکانی ئێمە ئەنجامیداوە.
لەهەمانکاتدا داوا لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندیەکان و سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی و سەرجەم ئەندام و کادر و لایەنگرانی یەکێتیی دەکەین کە هەڵوێستی جدییان هەبێت لەسەر رووداوەکانی ئەمدوایەی ناو یەکێتیی و ئەو ڕەشبگیریەی کە ئێستا بەرامبەر بە کادرانی یەکێتیی ئەنجام دەرێت و رێگەنەدەن چیتر دەستە و گروپێکی ئەمنی کە بەفەرمانی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی و بەناوی (یەکێتیی نوێ) وە بڕیاردەدەن، یاری بە چارەنوسی یەکێتیی یەوە بکەن و هەرکەسێک بەخواست و ڕەزامەندی ئەوان نەبوو، دۆسیەیەکی بۆ دابتاشن و بەعس ئاسا هەڵبکوتنە سەری و شەهیدی بکەن، داواش دەکەین ئەو ڕەشبگیریەی دەستیانداوەتێ کۆتایی پێبهنێندرێت و چیتر ناو و ناوبانگی حزبی شەهیدان لەکەدار نەکەن و خۆیان نەخەنە بەر توڕەیی و ڕاماڵینی جەماوەری یەکێتیی.
لەگەڵ ڕێزدا
بنەماڵەی شەهید عەمید موراد کانی کوردەیی