چەند كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی دەستگیركراون و بەقسەی سەرچاوەیەكیش، ئەگەر فشاری ئەمریكییەكان نەبێت هێرش دەكرێتە سەر ماڵەكەی.
بەپێی زانیارییەکان، لەدوو رۆژی رابردوودا چەند كەسێكی نزیك لاهور جەنگی هاوسەرۆكی دەرکراوی یەكێتی نیشتمانی دەستگیركراون.
هەر بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ژمارەیەكی تر لەكەسە نزیكەكانی لاهور جەنگی دەستگیربكرێن، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی ئەو كەسانە دەستیان هەیە لەپشێوییەكانی چەند رۆژی رابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی.
چەند رۆژێكە لەشاری سلێمانیو چەند شارو شارۆچكەیەكی تر خۆپیشاندان دەكرێت، كە زۆرینەی خۆپیشاندانەكان گرژی لێكەوتووەتەوەو تائێستاش ئەو گرژییانە بەردەوامە.
بەپێی زانیاریەکان، بەرنامە هەبووە هێرش بكرێتە سەر ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەگەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی، بەڵام بەهۆی فشاری ئەمریكییەكان لەسەر بەرپرسانی یەكێتی ئەوە نەكراوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، چەند مانگێكە كێشە لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هەیە، كە بەو هۆیەوە، بافڵ تاڵەبانی بە بڕیارێك لاهور شێخ جەنگی “دەركردووە”.
ژێدەر
بوار نیوز