یەکێتی دەست بە سزادانی کەمتەرخەمەکان دەکات

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە ئەو گۆڕانکارییەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی حزبەكەی دەیکات، بڕیاری سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە و یەکێتی بەھێز دەکاتەوە و دەشڵێت، ھەموو سەرکردایەتیی یەکێتی داوای سیستەمی پاداشت و سزای کردووە.

ڕەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: یەکێتی لە درێژەی كارەكانیدا چەند گۆڕانكارییەكی تازەی لە كەركووك و مەڵبەندەكانی ئەو پارێزگایەدا كردووە.

لێپرسراوی مەڵبەندی دووی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتیشی: ھەموو حزبیکی سیاسی پێویستی بەوەیە چاکسازی بکات و بە کارەکانی خۆیدا بچێتەوە و لە کوێ پێویستی بە گۆڕانکاری بوو، گۆڕانکاری بکات، من پێم وایە ئەو گۆڕانکارییەی بافڵ تاڵەبانی دەیکات لەو سۆنگەیەوەیە یەکێتی بەھێز بکاتەوە، یان ئەگەر کەسێک نەیتوانی بەباشی کارەکانی بەڕێوە بەرێت، کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی دابنێت.

ڕەوەند مەلا مەحموود ئەوەشی خستە ڕوو: ”سیستەمی پاداشت و سزا سیستەمێکی حزبییە و ھەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی باوەڕیان پێیەتی و ھەموو سەرکردایەتیی یەکێتیش داوای سیستەمی پاداشت و سزای کردووە، بۆیە ھەموومان پابەندی جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە دەبین”.

ئاماژەی بەوەش کرد: ”ئەو بڕیاریانەی کاک بافڵ تاڵەبانی دەری کردوون، بڕیاری کۆی گشتیی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و دەستەی کارگێڕی کۆ بووەتەوە و ئەو بڕیارانەی داویەتی بڕیاری یەکێتییە و یەکێتی جێبەجێیان دەکات، ھەروەھا ھەموو ئەندامانی  سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پاڵپشتی لە بڕیارەکانی کاک بافڵ تاڵەبانی دەکەن”.

دەربارەی ئەوەی کە ئاخۆ یەکێتی پۆستی ھاوسەرۆکایەتی ھەڵدەوەشێنێتەوە؟ ڕەوەند مەلا مەحموود گوتی: ”جارێ زووە من قسە لەسەر پۆستی ھاوسەرۆکایەتی بکەم، بەڵام پێم وایە ئەو بابەتانە، پلنیۆم یان کۆنگرە یەکلاییان دەکاتەوە، بۆیە ھەرکاتێک پێویستی کرد پلنیۆم دەبەستین، یان کۆ دەبینەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتانە دەدەین”.

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر