ئێوارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ماتێیۆش مۆراڤیتسکی سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هە ن و لە سەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندان و لە بارودۆخێکی سەختدان.
سەرۆکی حکومەت، هەموو ئامادەییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە وباشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە. سەرۆکی حکومەت گوتیشی بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بووونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکی نێوان بێلارووس و یەکێتیی ئەوروپا. ئاماژەی بەوەشدا کە هەرێمی کوردستان، ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر.
سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ، گفتوگۆیان دەربارەی ڕێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد. هەردوولا هاوڕابوون کە کۆچبەران، لە لایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی ڕێکخراو. سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو ڕێکارانەی کرد کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و ڕێکاری توند وپێویست لە فرۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن. هەروەها گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هاوبەشەکانی دیکە کرا، بۆ پێشکەشکردنی کارئاسانیی لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی کۆچبەران کە بڕیارە ئەمڕۆ لە یەکەم گەشتدا بگەنەوە بەغدا و هەولێر.
سەرۆکی حکومەت، خۆشحاڵی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی هاوبەش دەربڕی بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ڕێکارانەی پێویستن بۆ ڕێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بێلارووس و پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاری بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولان.