حکومەت: زیاتر لە 400 کۆچبەر دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ کاروانێکی کۆچبەران لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 430 کۆچبەری عێراقی و کوردستانی دەگەڕێنەوە

بڕیارە کاژێر 6:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 فڕۆکەیەک لە بێلاڕووسەوە بگاتە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە نزیکەى 430 کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى هەڵگرتووە کە ماوەیەکى زۆرە لە نێوان سنوورەکانى بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردبوو. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەدات “ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى 20 هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان.”

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدراڵ هەوڵى چارەسەرى ئەم پرسەیان دا و لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵا لە هەردوولا پێکهێنرا.  

نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە لیژنەکەدا پێشنیازی ئەوەی کرد “فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق” و هەر بۆ ئەم مەبەستە دەست بە تۆمارکردنى ناوى ئەو کەسانەکرا کە خوازیارى گەڕانەوەن لەو دۆخە خراپە و تا ئێستا زیاتر لە 460 کۆچبەر ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکردووە.

ھەواڵی زیاتر