ئەمڕۆ، سێشەممە 16/11/2021بە بەشداریی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکیی دهۆک دەستی پێ کرد و تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە دەستپێکی گوتارەکەیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی: ”خۆشحاڵم کە ئەم بەیانییە بابەتێکی زۆر گرنگ کە ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەموومانی لەم دیدارەدا کۆ کردووەتەوە. پێشم وایە ئەم بابەتە زۆر زۆر گرنگە کە لە هەرێمی کوردستان، هەولێر و عێراق باسی لەبارەوە بکەین”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە 16ی نۆڤەمبەر وەک ڕۆژی جیهانیی لێبووردەیی دا کە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچونی ئەم کۆڕبەندە و ڕایگەیاند: ”لەم بۆنەیەدا هیوادارم بە دانایی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی لە ناوچەکە و تەواوی جیهان هەموومان پێکەوە بتوانین کولتووری پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیی فراوانتر بکەین و لە سایەیدا ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ مرۆڤایەتی بەدەست بێت”.
نیچیرڤان بارزانی جەختی لەوەش کردەوە: ”ئاشتی و پاراستنی سەقامگیری، پێداویستیی هەرە لەپێشی ئێستا و داهاتووی ناوچەی ئێمەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و جیهان بەگشتی لەم قۆناغە هەستیار و گوزەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بردنە پێشەوەی ئاشتی و سەقامگیری، تەحەدایەکی زۆر گەورەیە و بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە بۆ ئەو گەلانەی کە لە ناوچەکەدا دەژین”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: “چۆن ئاشتی بپارێزین و چۆن براوە بین؟ بە پێناسەیەکی سەرەتایی، ئاشتی واتە نەبوونی جەنگ و کوشتار، واتە نەبوونی تیرۆر و توندوتیژی، لە بەرانبەردا واتە هەبوونی تەبایی و پێکەوەژیان، بەڵام ئاسایش مانایەکی فراوانتری هەیە لە نەبوونی جەنگ، بەڵام ئاسایش هەموو لایەنەکانی ژیان دەگرێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: “بوونی ئاسایشی ئاو و وزە لە نێوان عێراق، ئێران، تورکیا و سووریادا زۆر گرنگە، ئەوەی لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم، ئاسایشە بە مانا گشتییەکەی، دەکرێ ئەگەر شەڕیش نەبێت، کۆمەڵێک هۆکار ببنە هەڕەشە و خەڵک بخەنە ناو ترس و دڵەڕاوکێوە، ئەگەر دۆخی ئێستا وەک نموونە وەربگرین، ڤایرۆسی کۆرنا و لێکەوتەکانی ئەم پەتایە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ”لە هەموو بوارەکاندا هەر وڵاتێک کە لە شەڕ ڕزگاری دەبێت، بە سێ قۆناغدا تێپەڕ دەبێت؛ یەکەم، کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاراستنی ئاشتی و دووەم، بنیادنانەوەی متمانە بە جۆرێک کە لایەنەکان بەرانبەر بە یەکتر نیازپاکی نیشان بدەن و سێیەم، بنەبڕکردنی هۆکارەکانی شەڕ و نەگەڕانەوە بۆ دۆخی جەنگ”.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “عێراق ئێستا لە قۆناغی دوای جەنگ و جێگیرکردنی ئاشتیدایە، هەربۆیە هەنگاوی یەکەم بریتییە لە کۆتاییهێنان و بنەبڕکردنی هۆکارەکانی ناسەقامگیری و هەوڵدانە بۆ پاراستنی ئاشتی، ئێمە لە عێراق لە قۆناغی یەکەمداین، واتە جەنگێکی نەخوازراومان دژی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی تەواو کرد و شتێک بە ناوی خەلافەتی ئیسلامیی داعش نەماوە، بەڵام هێشتا ئەرکێکی زۆرمان لەسەرشانە و ڕێگەیەکی دوورمان لەپێشە بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە عێراق، بەتایبەتی چارەسەکردنی هەموو ئەو گرفتانەی کە بواریان بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی داعش لەم ناوچەیە ڕەخساند”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە: ”لەم قۆناغەدا توانیمان لەسەر ئاستی ناوخۆ بە پشتیوانیی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکانی عێراق و لەسەر ئاستی ناوچەش بە یارمەتیی وڵاتانی دراوسێ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش بە یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەسەر ئەو ڕێکخراوەدا سەکەوین، ئەم سەرکەوتنە پەیامێکمان پێ دەدات، ئەویش ئەوەیە کە سەقامگیرکردنی ئاسایش پێویستی بە ئاسایش و هاوکاریی هەموان هەیە و لە چەسپاندنی ئاشتیشدا هەموومان سوودمەند و براوە دەبین”.