سەرۆک مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە پیرمام کۆبوونەوە و بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزیی نیشتمانیی کورد و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خزمەتکردنی خەڵكی كوردستان کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 15-11-2021 بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام سەردانی سەرۆک بارزانی کرد و هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکەدا “قۆناخی نوێی عێراق و دوای ھەڵبژاردنەکان ھەڵوەستەی لەسەر کرا و گرنگی یەکگوتاری کورد لە بەغدا بە پێویست زانرا و پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکڕیزی و تەبایی ماڵی کورد دووپاتکرایەوە”.
هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە.
لە هەردوو راگەیێندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا “جەختکرایەوە لەسەر پرۆژەیەکی ھاوبەشی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی بۆ کۆی پرسە سیاسییەکان و داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەشی هەردوولا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و چەسپاندنی پرەنسیپی شەراكەت لە حوكمڕانی و جێبەجێكردنی داواكاریی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی سەقامگیری”.