حکومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند، کردنەوەی سنووری وڵاتەکەی بە ڕووی کۆچبەراندا لە رۆژی ١٥ی ئەم مانگە ڕاست نییە و دوای لە کۆچبەران کرد هیچ سەرکێشییەک بە گیانیانەوە نەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 13.11.2021، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی پۆڵەندا ئاگادارییەکی بۆ کۆچبەران بڵاویکردەوە و ڕایگەیاند ”لە ناو کۆچبەراندا ئەو دەنگۆیە بڵاوکراوەتەوە، کە ١٥ی ئەم مانگە لە کارێکی رێکخراودا بە پاس کۆچبەران لە سنوورەوە دەگەیەنرێنە ئەڵمانیا، بەڵام ئەمە ڕاست نییە.”
باسی لەوەشکردووە، ”ئەو هەواڵانە هەموویان دوورن لە راستییەوە، پۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سنورەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا و ئەوانەشی هەواڵی لەو جۆرە بڵاودەکەنەوە کاردانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە.”
حکومەتی پۆڵەندا داواشی لە کۆچبەران کردووە، بە هەواڵی لەو جۆرە هەڵنەخەڵەتێن و هیچ هەنگاوێک نەنێن.