سزای ئەوانەی کەسانی دیکە ژەهرخوارد دەکەن دەگاتە سێدارە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆک، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و حەسەن نووری ئەندامی سەرکردایەتی لە یەکێتیی نیشتمانی کورستان ئەو سێ کەسەن کە رایانگەیاندووە ژەهرخواردکراون. دادوەرێکیش دەڵێت، سزای ئەوانەی کەسانی دیکە ژەهرخوارد دەکەن دەگاتە سێدارە.

رۆژی شەممە مەلا بەختیار دوای نزیکەی مانگێک لە وەرگرتنی چارەسەر لە ئەڵمانیا گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازکرد و سەبارەت بە زانیاری دەربارەی ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکات، رایگەیاند، لە داهاتوودا زانیارییەکان ئاشکرا دەکات. گوتیشی، “ستەمێکی گەورە” لە خۆی، بافڵ تاڵەبانی و وەستا حەسەن کراوە.

هاوکات حەسەن نووری ناسراو بە وەستا حەسەن، کە پێشتر بەرپرسی ئاسایشی سلێمانیش بووە و یەکێکە لەوانەی ژەهرخواردکردنی راگەیێندراوە، ئەمڕۆ لە پێشوازیی مەلا بەختیاردابوو لە فڕۆکەخانەی سلێمانی و قسەی بۆ رووداو کرد.

وەستا حەسەن دەڵێت، ئەو ژەهری کەمتر پێدراوە و لە ئەڵمانیا پشکنینی کردووە و جۆرەکەی جیوە بووە. گوتیشی، لە سەرکردایەتی حیزبەکەی باسی دۆخی خۆی کردووە. “تاوەکو ئێستا نازانم کێ ئەوەی پێداوم، سکاڵا لەسەر کێ تۆماربکەم؟ خۆ دەبێت بەڵگەیەک لەسەر کەسێک هەبێت ئەوکاتە سکاڵای خۆم تۆمار دەکەم و بەڵگەکانیش دەخەمەڕوو.”

لەو سێ کەسەی دەڵێن ژەهرخواردکراون، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە لەلایەن “لاهوور شێخ جەنگیی”ـەوە ژەهرخوارکراوە، مەلا بەختیاریش بەبێ ناوهێنان رایگەیاند، “لەلایەن هەڤاڵانەوە ژەهرخواردکراوم.”

لەلایەکی دیکەوە لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی سەبارەت بە ژەهرخواردکردنی هاوڕێکانی دەڵێت، “هیوادارم و دڵخۆش دەبم، کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان وایدەربخەن، کە دووژمنانی کورد کردبێتیان نەوەکو دۆستی کورد، بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی کە کورد، کورد تیرۆر ناکات.”

دادوەرێک، کە هاوکات قایمقامی قەزای چەمچەماڵە، باس لە شێوازی سزادانی ئەو کەسانە دەکات، کە کەسانی دیکە ژەهرخوارد دەکەن. دەڵێت، “سزاکەی لە تاوانە، تاوانەکەش سزای لە 15 بۆ 25 ساڵ، لە 25 ساڵیش بۆ هەتاهەتایی و لە هەتاهەتاییش تێیدایەتی بۆ سێدارە.”

ئەمانەی لەنێوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا روودەدەن، دوای رووداوەکانی نێو حیزبەکەن لە 8ـی تەممووزی ئەمساڵدا، کە ئەنجامەکانی بەوەگەیشتوون بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی و چەند ئەندامێکی دیکەی سەرکردایەتی لە حیزبەکە “دەرکران”، لاهوور شێخ جەنگیش ئەوەی رەتکردەوە.

rudaw

ھەواڵی زیاتر