عارف قوربانی
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌واڵی به ئامانجگرتنی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق له رێگه‌ی درۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه وه‌ك شۆكێك كه‌وته ناو میدیا و تۆڕه كۆمه‌لایه‌تییه‌كانی عیراق و جیهانه‌وه، كه هه‌ڕه‌شه‌و تیرۆری رێكخراو له رێگه‌ی ئامرازی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتووه‌وه گه‌یشته ماڵی سه‌رۆك وه‌زیران و له شیرینی خه‌ودا هه‌وڵی كوشتنی درا. هه‌رچه‌نده كازمی سه‌رۆك وه‌زیران خۆی و مناڵه‌كانی سه‌لامه‌تن و ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ته‌نها چه‌ند پاسه‌وانێكی ماڵه‌كه‌ی بریندار بوون، كه‌می و زۆری زیانه‌كان هیچ له‌وه كه‌م ناكاته‌وه كه هه‌وڵه‌كه بۆ كوشتنی سه‌رۆك وه‌زیران بووه.
گه‌رچی هێشتا لایه‌نی به‌رپرسیار له ئه‌نجامدانی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه ده‌ستنیشان نه‌كراوه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێكه لایه‌نگران و ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناڕه‌زایه‌تی له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا‌و چوونه‌ته ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا، به‌هۆی توندوتیژی و به‌ریه‌ككه‌وتنی خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منیه‌كان كه ئه‌ركیان پاراستنی ناوچه‌ی سه‌وزه، ژماره‌یه‌ك بریندرای لێكه‌وتۆته‌وه‌و سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی په‌یامی توندیان بڵاوكردۆته‌وه دژ به سه‌رۆك وه‌زیران، به‌تایبه‌تیش چه‌ند كاتژمێرێك پێش ناردنی درۆنه‌كه بۆ ماڵی كازمی، یه‌كێك له دیارترین و توندڕه‌وترین سه‌ركرده‌كانی حه‌شد (قه‌یس حه‌زعه‌لی) له‌ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه كردنه‌وه‌ی برینداره‌كانی له مسته‌فا كازمی كرد، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشوتریش چه‌ند جارێك گروپه‌كانی حه‌شد به هه‌مان شێوه‌و له رێگه‌ی درۆنی بۆمبڕێژكراوه‌وه په‌لاماری بنكه سه‌ربازیه‌كانی ئهمریكاو هاوپه‌یمانانیان داوه له عیراق و هه‌ولێر، وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه جگه له حه‌شدی شه‌عبی هیچ گروپێكی تری تیرۆریستی ناتوانێت له‌و ناوچه‌یه كرده‌وه‌ی له‌و جۆره ئه‌نجام بدات، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی فه‌رمیش به‌رپرسیارێتی ئه‌م كرده‌وه تیبرۆریستییه نه‌خرێته ئه‌ستۆی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه حه‌شد له پشتی ئه‌م كاره‌وه‌یه. حه‌شدیش بۆ كارێكی وا كه ئه‌گه‌ر پلانه‌كه سه‌ركه‌وتوو بوایا، بۆی هه‌بوو ره‌وشی عیراق زۆر خراپتر بكات، بێ ئیزنخواستنی ئێران نه‌یكردووه.
لێره‌دا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی مسته‌فا كازمی ده‌كرێته ئامانج؟ له كاتێكدا كازمی هیچ كاتێك مه‌ترسی نه‌بووه له‌سه‌ر گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و له سایه‌ی لاوازی پێگه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی كازمیدا گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیان هه‌بووه، كورد واته‌نی (بكوژ و ببڕ خۆیان بوون). له سه‌رده‌می كازمیدا زۆرترین بودجه بۆ گروپه‌كانی حه‌شد دیاریكراوه‌و ئه‌و چه‌كدارانه‌شی پێشووتر فه‌سڵ كرابوون له‌ژێر گوشاردا كازمی گه‌ڕاندیانییه‌وه. له‌و ناوچانه‌ی حه‌شد ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه سه‌رانه وه‌رگرتن و دزی و تاڵانی زیاتر نه‌بووبێت كه‌می نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ر بڕیارێكیش كازمی دهریكردبێت كه زه‌ره‌ری بۆ په‌زه‌كانی حه‌شد هه‌بووبێت، یان جێبه‌جێی نه‌كردووه یا لێی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه. ئیتر بۆچی حه‌شدی شه‌عبی بیانه‌وێ كازمی تیرۆر بكه‌ن؟
نیگه‌رانییه‌كانی ئێستای گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه ئه‌و كارهكتهرو هێزه سیاسییانه‌ی خاوه‌ندارێتیان له حه‌شد ده‌كرد، له هه‌ڵبژاردن دۆڕاوون. ئه‌گه‌ر ئه‌و تێڕوانینه‌ی حه‌شد راست بێت كه هێزگه‌لێكی نێووده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی له پشتی (كۆنترۆڵكردنی سیسته‌می تۆماركردنی ده‌نگ و ئهژماركردنییهوه بوون) بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی لاوازكردنی ئه‌و هێزانه‌وه كه لایه‌نگری ئێرانن پێگه‌ی ئێران له عیراق لاواز بكه‌ن، كازمی چی رۆڵێكی هه‌بووه له‌وه‌ی هاوكێشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌و جۆره بگۆڕێت، یان روونتر بڵێم كازمی كه‌ی دژی هه‌ژمون و پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران بووه له عیراق تا ئێران هه‌وڵی تیرۆر كردنی بده‌ن؟
كه‌واتا ده‌توانرێت چه‌ند گریمانه‌یه‌ك دابنرێت، كورد واته‌نی (بوكێ له‌گه‌ڵ تۆمه، خه‌سوو گوێت لێبێت) یان ئه‌مه په‌یامه بۆ كه‌سانی تر. یاخودخستنهڕووی كارتێكه بۆ ئه‌وه‌ی له پێكهێنانی حكومه‌تدا ژماره‌ی كورسیه‌كانی هه‌ڵبژاردن نه‌كرێن به‌پێوه‌ر و به ژماره‌ی كورسی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی وابه‌سته به ئێرانه‌وه نه‌كرێت. یان ئێران ده‌یه‌وێ دۆخی عیراق تێك بچێت و ماوه‌یه‌ك تا پرۆسه‌ی دروستكردنی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت جیهان به عیراقه‌وه سه‌رقاڵ بكات. یانیش وه‌ڵامه بۆ ئه‌و هێزه هه‌رێمی و نێوودهوڵهتییانهی كه ده‌وترێت (له پشتی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ههڵبژاردنهوهن).
ئه‌گه‌ر په‌یامبێت بۆ كه‌سانی تر، به‌دڵنیاییه‌وه خه‌سووه‌كه چه‌ند گێلیش بێت له په‌یامه‌كه تێده‌گات و ئێران ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه. ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یش بێت تا هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌خرێنه په‌راوێزه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه دوای (درۆنه‌كه‌ی ماڵی كازمی) ئاراسته‌ی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌گۆڕێن و (عامری) به چه‌ند كورسییه‌كی كه‌مه‌وه یه‌كێك ده‌بێت له لایه‌نه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك بێت بۆ تێكدانی ره‌وشی عیراق، سه‌رنه‌كه‌وتنی پلانه‌كه، كۆتایی ئامانجه‌كه نابێت و ئێران رێگه‌ی دیكه‌ی زۆره بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت عیراق سه‌قامگیربێت. ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ش بێت كه ئێران پێی وایه له‌ناو عیراق پیلانیان له ده‌ستوپه‌نجه‌ی گێڕاوه، به‌م كاره ده‌ستی ئێران له عیراق بههێزنر ده‌بێت.
بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وه راستبێت كه نه‌یاره‌كانی ئێران له ده‌ره‌وه‌و له‌ناوه‌وه‌ی عیراق ئه‌م سیسته‌مه و میكانیزمه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنیان بۆ ئه‌وه قۆستۆته‌وه كه سنورێك بۆ هه‌ژمونی ئێران دابنرێت. پێویسته ئه‌وه بزانن كه تازه بۆ ئه‌م كاره زۆر دره‌نگه. له‌ناو عیراقه‌وه ناتوانرێت پێگه‌و هه‌ژمونی تاران له‌سه‌ر به‌غدا كاڵ بكرێته‌وه. ده‌بێت ستراتیجه‌كه بگۆڕدرێت بۆ سه‌رقاڵكردنی ئێران له‌ناو وڵاته‌كه‌ی خۆیدا تا نه‌په‌رژێته سه‌ر عیراق، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته ئه‌و سیاسه‌ته به‌رده‌وامه‌ی ئێران له‌به‌رچاو بگیرێت كه هه‌میشه قه‌یرانه‌كانی ناو وڵاته‌كه‌ی فڕێده‌داته ده‌ره‌وه. كه‌واتا ده‌بێت سهرقاڵكردنهكه به جۆرێك بێت ئێران فریای فڕێدانه ده‌ره‌وه‌ی نه‌كه‌وێت، كه ئه‌مه‌ش له ئێستادا له توانای نه‌یاره‌كانی ئێران‌دا نییه. بۆیه له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌م خوله‌یش ئێران نهیدۆڕان، سه‌رباری گۆڕینی پێگه‌و هاوكێشه‌ی هێزه‌كان، به‌ڵام هه‌ر تاران حوكمی به‌غدا ده‌گرێته‌وه ده‌ست.