یەکێتی هەیکەلی حیزبەکەی دەگۆڕێت و سیستەمی هاوسەرۆکی ناهێڵێت

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەربەندیی حزبیی نوێی یەکێتییە، بە شێوەیەک کە کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەهێنێت. توێژەرێکی سیاسییش دەڵێت: ”هاوسەرۆکی، داهێنراوی پەکەکەیە و سیستەمێکی شکستخواردووە“.

پەیكەربەندیی نوێی یەکێتی

بەپێی زانیارییەکان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەربەندیی نوێی یەکێتییە، بە شێوەیەک، کە کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی دەهێنێت و ئەو ژمارە زۆرەی ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی کەم دەکاتەوە. هاوکات ئەگەری ئەوەش هەیە، ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی، وەکوو ئۆرگانێکی فەرمی، کە لەدوای کۆنگرەی چواری یەکێتی نەماوە، دووبارە چالاک بکرێتەوە.

سەرۆک و دوو جێگر

هەر بەپێی زانیارییەکان، لەو پەیكەربەندییە نوێیەیدا كە یەکێتی بە نیازە بۆ حزبەکەی دایبنێت، بەپێی ئەو پێشنیازانەی کە کراون، یەکێتی سەرۆک و دوو جێگری دەبێت و هاوشێوەی پێش کۆنگرە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەنجوومەنی ناوەندیی (یەکێتی)یش دابمەزرێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، وا بڕیارە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بکرێت و هەر لە کۆبوونەوەکەیەدا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆکی بدرێت.

بڕیاری سڕکردن و گۆڕانکاریی دیکەیش

دوای نزیکەی چوار مانگ، ئێوارەی رۆژی دووی تشرینی دووەم، بافڵ تاڵەبانی، بڕیاری دوورخستنەوەی یەكجارەكیی لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی لێخراوی یەکێتی ‌و چوار لە ئەندامانی سەرکردایەتیی حزبەکەی دەرکرد، کە خۆیان بەتەواوی دابووە پاڵ لاهوور جەنگی.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو بڕیارانە لە رۆژانی داهاتوو زیاتر دەردەکەون و وا بڕیارە ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتیی دیکەی یەکێتی، هاوشێوەی ئاراس جەنگی، برای لاهوور جەنگی، سڕ بکرێن و گۆڕانکاری لە زۆربەی مەڵبەندەکانی یەکێتی و ئۆرگانەکاندا بکرێت.

سیستەمی هاوسەرۆکی

لەمبارەیەوە، سۆران سێوکانی، توێژەری سیاسی ڕایگەیاند، هاوسەرۆکی داهێنراوی گاڵتەجاڕییانەی پەکەکەیە کە پێدەچێت هەر ئەوانیش ئەم کارەیان بە یەکێتی ئەنجام دابێت و ئەوەش دەرەنجامەکەی بوو.

گوتیشی: ”هەر لە سەرەتاوە سیستەمی هاوسەرۆکی لە یەکێتیدا شکستی هێنا، دواجار ئەوەبوو یەکیان بوو بە سەرۆکی یەکێتی و ئەوەی دیکەش دوور خرایەوە، ئەو سیستەمە خۆی لە بنەمادا سیستەمێکی شکستخواردووە“.

ژێدەر

باسنیوز

ھەواڵی زیاتر