ماوەی دوو هەفتەیە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نەخۆشخانەیەکی بەرلین بەهۆی “ژەهرخواردکردنییەوە” چارەسەر وەردەگرێت. بڕیارە ئەو نەخۆشخانەیەی کە چارەسەری مەلا بەختیار دەکەن راپۆرتێک لەبارەی ژەهرخوارکردنەکەی بڵاوبکەنەوە. توێژەرێکیش دەڵێت، جۆر و بڕی ژەهرەکە لە راپۆرتەکەدا ئاشکرا دەکرێت.
رۆژی 1-11-2021 مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی “ژەهرخواردکردنییەوە” وتارێکی لە ئەکاونتەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە لەسەر دەستی “هەڤاڵان” ئەو هەوڵە دراوە.
ئاراس تاڵب، توێژەری ئەکادمیی سیاسیی کە ماوەی 22 ساڵە لە ئەڵمانیایە چاودێری دۆخی تەندروستیی مەلا بەختیار دەکات رایگەیاند “ئەوانەی کەسی نزیکی مەلا بەختیارن هەواڵی باشیان پێداوم، رۆژی یەکەم و دووەم رەنگە باری تەندروستیی باش نەبووبێت، بەڵام ئێستا چارەسەر وەردەگرێت و تەندروستیی باشە و بەرەو باشتریش دەڕوات.”
سەبارەت بەو پرۆفیسۆرەی بڕیارە راپۆرتێک لەبارەی مەلا بەختیار ئامادە بکات، دەڵێت “ئەو نەخۆشخانەیە کە ئەنجامی پشکنینەکان دیاریدەکات تەنیا ئەوە دیاریدەکەن کە مەلا بەختیار ژەهرخواردکراوە و رێژەی ژەهرەکە چەند بووە و چی بووە، ئەوەش دەبێتە بەڵگەیەک بۆ ئەو کەسە کە دەرمانخوارد کراوە، بەڵام پزیشکەکان ناتوانن ئەوە بڵێن کە ئەوە بەهەڵە دەرمانخوارد کرابێت. بۆیە ئەوان هەر ئەوەندە دەتوانن کە بزانن رێژەکەی و جۆری ژەهرەکە چییە.”
ەگوتەی ئەو توێژەرە، ژەهرخواردکردن لە مێژووی مرۆڤەیاتی مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە و بۆ 4 هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و “لە عێراقیش ئەوە هەبووە وەک مەلیک فەیسەڵی یەکەم ژەهرخوارد کراوە و لە جیهانیشدا ئەوە روویداوە و ئەو ململانێیانەش هەر هەبووە.”
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا ئەو توێژەرە دەڵێت “بابەتی ژەهرخواردکردنی دەکرێ مەلا بەختیار لە عێراق سکاڵا تۆماربکات، بەڵام ئەو کەیسە باوەڕناکەم ببێتە کەیسێکی نێودەوڵەتی، لەبەرئەوە دادگەی ئەڵمانیا ئەو کەیسە وەرناگرێت.”
رۆژی چوارشەممە 3-11-2021 ئاسۆ خانەقینی، کە خوشکەزای مەلا بەختیارە روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەندروستیی مەلا بەختیار بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئێستا باری تەندروستی باشە و لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەرلینە لە ئەڵمانیا و لە ژێر چاودێری پزیشکدایە و چارەسەری ژەهرخواردکردنی دەکرێت”.
ئاسۆ خانەقینی لە روونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرجەم وردەکارییەکانی چارەسەرکردنی مەلا بەختیار بە وێنە و دۆکیومێنت بڵاودەکاتەوە.
پرسی “ژەهرخواردکردنی” بەرپرسانی یەکێتی دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021 بووەتە رۆژەڤ، بەتایبەت دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لاهوور شێخ جەنگیی بە “ژەهرخواردکردنی” تۆمەتبارکرد و لە میدیاکانەوە گوتی، ئەوەی بە بەڵگە لایە و لەئاییندەدا بەڵگەکانیش دەخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەکان، مەلا بەختیار رۆژی 20-10-2021 هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە.
ژێدەر
رووداو