رێنمایی نوێ بۆ گەشتکردن لە سەردەمی کۆرۆنادا

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی، چەند رێنماییەکی نوێی بۆ گەشتیاران دەرکرد بۆ ئەوەی کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەبێت.

جیهاد کازم، وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی لەسەر بنەما و ڕێنمایی ژمارە 80ی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی لە 23ی تەممووزەوە بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی بە ڕووی گەشتیارانی نێوخۆ و دەرەوەدا کردۆتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی تەندروستی کارمەندان و گەشتیاران چەند رێوشوێنێک گیراونەتەبەر.

کازم دەڵێ “رێوشوێنەکان لە هەموو بەش و شوێنەکانی فڕۆکەخانە لەدوای هەموو گەشتێک دەگیرێنەبەر و شوێنەکان لەلایەن کارمەندانی تایبەتەوە پاکدەکرێنەوە، هەروەها گەشتیار دەبێ بەڵگەی پشکنینی 48 کاتژمێری رابردووی پێ بێت و دڵنیابێت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە.

رێنمایی و رێکارە تەندروستییەکان

  1. دانانی گەنبڕ (پاککەرەوە) لە هەموو بەشەکانی فڕۆکەخانە.
  2. ڕشاندنی سەرجەم فڕۆکەخانەکان بەشێوەی بەردەوام و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی فڕۆکەخانە، بە جۆرێک کە لەگەڵ خشتەی گەشتەکاندا گونجاوبێت.
  3. ڕشاندنی سەرجەم فڕۆکەکان لەدوای گەشت.
  4. پابەندبوونی سەرجەم کارمەندانی فڕۆکەخانەکان و دەستەی گەشتەکان بە پشکنینی پزیشکی.
  5. پابەندبوونی هەموو کارمەندانی فڕۆکەخانەکان و دەستەی گەشتەکان بە بەستنی دەمامک، بەکارهێنانی دەستکێش و پاککردنەوەی دەست.
  6. بوونی بۆشایی نێوان کەسەکان لە شوێنی چاوەڕوانی و لەکاتی هاتوچۆکردن و گەشتکردن.
  7. بەکارهێنانی فێنککەرەوەی فڕۆکە و هۆڵەکانی چاوەڕوانی بەشێوەیەکی گونجاو بۆ هەواگۆڕكێ.

رێنمایی بۆ گەشتیار لەکاتی هاتنی بۆ فڕۆکەخانە

  1. گەشتیار هانبدرێت بۆ ئەوەی بەر لە فڕین لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە پلیت و گەشتەکەی دڵنیابێتەوە.
  2. ئامادەبوونی گەشتیار سێ کاژێر بەر لە فڕین.
  3. کارئاسانیکردن بۆ گەشتیاران بۆ چوونە ناو فڕۆکەخانە، هەروەها رێگە بە پیر و خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت کە هاوەڵەکانیان بە ئۆتۆمبێل بیانبەنە ژوورەوە.
  4. پشکنینی پلەی گەرمی سەرجەم گەشتیاران بەرلەوەی بچنە نێو فڕۆکەخانە و بەکاربردنی پاککەرەوەی دەست.
  5. ناچارکردنی گەشتیار بە بەکاربردنی دەمامک پێش چوونە ناو فڕۆکەخانە، هەروەها هەر گەشتیارێک دەستەکانی پاکنەکاتەوە نابێ بچێتە ناو فڕۆکەخانە.
  6. پابەندبوونی گەشتیاران بە پشکنینی PCR لە بنکەکانی تاقیگە و تەندروستی تایبەت بە کۆرۆنای سەر بە وەزارەتی تەندروستی.
  7. رشاندنی شوێنی دانیشتن و چاوەڕوانی.
  8. بەکارهێنانی قادرمەی فڕۆکە و رێکخستنی لەلایەن فەرمانبەران.
  9. هێشتنەوەی دوو کورسی کۆتایی بە بۆشی بۆ ئەوەی لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی لە هەر گەشتیارێک بۆی بەکارببرێت.
ھەواڵی زیاتر