سەرۆکی هەرێم يارمه‌تيى زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دەدات

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 31-10-2021 سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر، به‌دواداچوونى بۆ زيانه‌كانى لافاو له‌ هه‌ولێر و چه‌ند ناوچه‌يه‌كى سنوورى پارێزگاكه‌ كرد. دەڵێت، لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانى را‌سپاردووه‌ بۆ هاوكاريكردن و يارمه‌تيدانى لێقه‌ومان و دابينكردنى پێداويستييه‌كانيان.

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆخ و هه‌واڵى لێقه‌وماوان و زيانمه‌ندانى له‌ پارێزگارى هه‌ولێر پرسیوە و گوێبيستى رێكاره‌كان و پرۆسه‌ى به‌هاناوه‌چوون و چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردنى لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌ حكومييه‌كان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ و لێقه‌وماواندا بوو.

لە ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ نزيكه‌وه به‌دواداچوونى مه‌يدانى بۆ شوێنه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى لافاو ده‌كات و لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندیداره‌كانى را‌سپاردووه‌ بۆ هاوكاريكردن و يارمه‌تيدانى لێقه‌ومان و دابينكردنى پێداويستييه‌كانيان.” هه‌روه‌ها رايگه‌ياند کە “خۆشبه‌ختانه”‌ هيچ زيانێكى گيانى له‌ لافاوه‌كان نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر