بەھۆی ھێرشێکی ئەلکترۆنیەوە کە سەرتاپای ئێران گرتەوە، وڵاتەکە تووشی قەیرانی دابەشکردنی سووتەمەنی بوو لە وێستگەکانیدا.
لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی ئێران ڕووبەڕووی ھێرشێکی ئەلکترۆنی بوونەتەوە و سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی نەوتی ئێرانیش ڕایگەیاند، لە ئێستادا ھاوڵاتیان ناتوانن کارتی زیرەک بەکاربھێنن بۆ كرینی سووتەمەنی کە بە نرخێکی کەمتر لە سەریان ڕادەوەستێت، بەڵام ئەگەر ناچاربن دەتوانن بە نرخێکی زیاتر سووتەمەنی بکڕن تا ئەو کاتەی کێشەی کارتی زیرەک چارەسەر دەکرێت.
ھاککەرەکان ژمارە تەلەفۆنی (64411)یان لەسەر پێوەری وێستەگان داناوە، کە ژمارە تەلەفۆنی نوسینگەی عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێرانە. ھەروەھا لە ڤیدیۆیەکدا پەیامێکیان بڵاو کردۆتەوە و دەڵێن “خامنەیی، سوتەمەنییەکەمان لە کوێیە”.
لە ماوەی ڕابردوودا ئێران تووشی چەندین جۆری ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆتەوە و بەرپرسانی حکومەت ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوانبار دەکەن، بە ھەمان شێوە ئەمەریکا و ھێزە ڕۆژئاواییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران بەردەوام لە ھەوڵدایە تاکو دزە بکاتە ناو تۆڕەکانیان.